پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دینار چاوەڕێی سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی عێراق بۆ ئەمەریکا دەکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سەرجەم بڕیارەکانی بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و هەوڵەکانی بانکی ناوەندی لە ماوەی ڕابردوودا نەیانتوانیووە بەهای دینار بۆ ئەو ئاستە بەرز بکەنەوە کە بانکەکە خۆی دیاری کردووە. هەواڵە خۆشەکەی کۆبوونەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ یاریدەدەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە تورکیا، تەنها بە شێوەیەکی کاتی بەهای دیناری بەرز کردەوە و دواتر گەڕایەوە سەر ڕەوتی دابەزینی خۆی. نوێترین ڕووداو کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر نرخەکە هەبێ، سەردانی شاندێکی باڵای عێراقە بۆ ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی دکتۆر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و بە یاوەری پارێزگاری بانکی ناوەندی و بەرپرسانی تری باڵای دارایی عێراق و ئەگەر سەردانەکە سەرکەوتوو بێ ئەوا پێشبینی بەرزبوونەوەی بەهای دینار دەکرێ.

لە ماوەی نزیکەی دوو مانگی ڕابردوودا بەهای دینار بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ڕۆژی دووی ئەم مانگە بەرزترین نرخی لەوەتەی چاپی ئەو جۆرە دراوە تۆمار کرد. مووچەخۆران و کرێکارن و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق کە داهاتیان بە دینار و خەرجە سەرەکییەکانیان بە دۆلارە، بەهۆی ئەم دۆخە زیانمەند بوون و بازاڕەکانیش کاریگەریی نەرێنییان وەرگرتووە و ئومێد دەخوازن کۆتایی بە دۆخی ناسەقامگیری دارایی بێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوای کۆبوونەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و یاریدەدەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و پاشان بڵاوبوونەوەی هەواڵی گەیشتن بە چارەیەک، بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی شڵەژاند و لە پڕ دۆلار کە بۆ سەرووی هەزار و حەوت سەد و حەفتا دینار هەڵکشابوو، گەڕایەوە هەزار و پێنج سەد و پەنجا و حەوت دینار. ئەم دۆخە تەنیا ڕۆژێک درێژەی کێشا و دووبارە نرخەکەی هەڵکشا و لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لە ئێوارەی یەکشەم پێنجی شوبات بە هەزار و شەش سەد و هەشتا دینار دەفرۆشرێت.
بازاڕ هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی بەدی نەکرد لە دەرەنجامی کۆبوونەوەکە و بۆیەش دووبارە دینار دابەزی و تەنانەت هێندەی تر بێ متمانەیی بازاڕ و لێدوانی بەرپرسانی کەم کردەوە.
بڕیارە شاندێکی باڵای عێراقی بۆ هەمان کێشە سەردانی ئەمەریکا بکات و یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکان ئەوەیە لە بواری پرسەکانی پەیوەندیدار بە گواستنەوەی دۆلار و ڕێگریکردن لە چوونەدەرەوەی دۆلار لە عێراق و گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی زۆر تۆکمە، هەماهەنگی بکەن.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە میدیاکانی گوتووە، شاندەکە لە کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای بواری دارایی و بانکیی عێراق پێکهاتووە و ئامانجیان لە سەردانی ئەمەریکا ئەوەیە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان دوو وڵات پەرە بە هاوکاری و پەیوەندییەکانیان لە بواری جۆراوجۆر بدەن.
جگە لە دکتۆر فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی و عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی لەگەڵ شاندەکە دەبن و لەگەڵ کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای ئەمەریکا کۆبوونەوە و دانوستانیان دەبێت.
دواین زانیاری باس لەوە دەکەن کە ئەگەری زۆرە ئەم گەشتە گرنگەی شاندی باڵای عێراقی لە میانەی ئەم هەفتەیەدا یان ڕۆژی سێشەممە، حەوتی مانگی شوبات بکرێ. بەرپرسانی عێراقی لە سەردانەکەیاندا دەبێ کۆمەڵێک دڵنیایی و گەرەنتی بە ئەمەریکا بدەن کە بە هەموو شێوەیەک ڕێ لە چوونەدەرەوەی دۆلار بە تایبەتی بۆ ئەو وڵاتانە بگرن کە لە لایەن ئەمەریکاوە سزا دراون.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێ کە حکوومەتی عێراق لانی کەم، زیاتر لە مانگێکە دەستی بە ڕێکاری توند لە مەرزەکان کردووە و کۆمەڵێک بانک و دامەزراوەی داراییشی لە دابەشکردنی دۆلار بێبەش کردووە و ویستوویەتی مەرج و ڕێنماییەکانی ئەمەریکا جێبەجێ بکات و بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەی یاسایی باوەڕپێکراو، دۆلار دابەش بکات.
پرسی خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق بابەتێک نییە تەنیا لەژێر کۆنترۆڵی بانکی ناوەندیی عێراقدا بێت، بەڵکوو سیستمەکە بە بانکی ناوەندیی ئەمەریکا گرێ دراوە و دۆلار بەهۆی ئەوەی کە دراوی فەرمی ئەمەریکایە ئەوا ئەمەریکا مافی خۆیەتی لەو دۆلارانە بکۆڵێتەوە کە ڕادەستی عێراقیان دەکات.
پێویستە بگوترێ، گوشارەکانی ئەمەریکا لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا هۆکار بووە لەوەی بە قاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران و سووریا و لبنان بە رێژەی ٧٠% کەم بکات و ٨٠% لەو بڕە پارانەش کە بە حەواڵە دەنێردران و بۆ پووچەڵکردنەوەی سزاکانی ئەمەریکا سوودیان لێ وەردەگیرا، کەم کراوەتەوە.
راستە گوشارەکان کاریگەرییان هەبووە بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو دۆلارەی هاتووەتە بازاڕەوە نەیتوانیووە پێداویستییەکانی بازاڕی عێراق بە دۆلار پڕ بکاتەوە و هەر ئەوەش وای کردووە نرخی هەر ١٠٠ دۆلار لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو بۆ سەد و حەفتا و حەوت هەزار دینار بەرز ببێتەوە.
ئەگەر شاندەکەی عێراق بەو بەڵگەنامە و بەڵێنانەی پێشکەشی ئەمەریکای دەکەن بتوانن ڕەزامەندیی ئەو وڵاتە بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان دەستەبەر بکەن، ئەوا دۆلاری زیاتر دەڕژێتە بازاڕ و لەو کاتەشدا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ نرخی دینار بەرز ببێتەوە و تەنانەت بگاتەوە هەمان ئاستی پێشووی کە هەر ١٠٠ دۆلار بە سەد و چل و حەوت هەزار دینار ئاڵوگۆڕ دەکرا و ئەگەریش هاوشێوەی ڕابردوو رێڕەوەکانی گواستنەوەی دۆلار کراوە بکرێن، ئاستەمە کە بانکی ناوەندیی ئەمەریکا ڕێگە بدات دۆلار بە لێشاو بخرێتە بازاڕ و لەو کاتەشدا بازاڕەکان زیاتر دەشێوێن و دوور نییە تەنگژەی دارایی و بانکی تەنگژەی سیاسی و تەناهیشی بەدوادا بێت. هەینیی ڕابردوو لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق خۆپێشاندان کرا و خەڵک داوایان کرد بەهای دینار بەرز بکرێتەوە، ئەگەر داواکارییەکان جێبەجێ نەکرێن ئەوا لەوانەیە خۆپێشاندانەکانیش پەرە بستێنن و نائارامی و ناسەقامگیری و کۆمەڵێک پێشهاتی تری لێ بکەوێتەوە.