هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

کونسوڵی سعوودییە: هەموو ئاسانکارییەک دەکەین تاوەکوو بەرهەمەکانی کوردستان بگەیەنینە بازاڕەکانی وڵاتەکەمان

ئەمڕۆ یەکشەممە 05ـی 02ـی 2023 د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ محەمەد بن سلێمان ئەلعەسیری کونسوڵی گشتیی شانشینی عەرەبی سعوودی لە هەرێمی کوردستان و مشعەل هەزال ڕاوێژکار لە وەزارەتی وەبەرهێنانی حکوومەتی سعوودییە کۆبووەوە، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سعوودییە تاوتوێ کرا و بڕیاری فراوانترکردنی درا.

ڕاشیگەیاند: کونسوڵی گشتیی سعوودییە لە هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە وڵاتەکەیان بازاڕێکی گەورەی ساغکردنەوەی بەروبووم و بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستانە و هەموو ئاسانکارییەکیش دەکەن تاوەکوو بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەننە بازاڕەکانی سعوودییە.

باسی لەوەش کرد کە د. محەمەد شوکری دووپاتی کردەوە، هەموو هاوکاری و کارئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەرانی سعوودییە دەکەن و تاوەکوو وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا بکەن، بەتایبەت لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک و کەرتی کارەبادا.

دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش دا کە سعوودییە لە هەرێمی کوردستان خاوەنی چەندان کۆمپانیا و کارخانەن، بە تایبەتی لە بوارەکانی کشتوکاڵ و شیرەمەنیدا، بەهۆیەوە سەدان هەلی کاریان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕەخساندووە.