پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ده‌گاته‌ عێراق

بڕیاره‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی بگاته‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا، به‌ڵام بۆ سبه‌ی دووشه‌م خشته‌ی كار و چاوپێكه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق ده‌ست پێ ده‌كات.

سه‌ڵاح بامه‌ڕنی په‌یامنێری (كوردستان تیڤی) پێی ڕاگه‌یاندین: به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی به‌ده‌ستگه‌یشتوون، بڕیاره‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا بگاته‌ فڕۆكه‌خانه‌ی شاری به‌غدا، دوای دابه‌زینی له‌ فڕۆكه‌ ئه‌مشه‌و پشوو وه‌رده‌گرێت و سبه‌ی دووشه‌م خشته‌ی كار و چاوپێكه‌وتنه‌كانی ده‌ست پێ ده‌كات.

ڕاشیگه‌یاند: سبه‌ی دووشه‌م یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنی لاڤرۆڤ له‌ شاری به‌غدا له‌گه‌ڵ فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بێت، دواتریش له‌گه‌ڵ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق (سه‌رۆك كۆماری عێراق، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق) كۆ ده‌بێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: چاوه‌ڕوان ده‌كرێ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له‌ میانه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و مۆسكۆ له‌ گشت بواره‌كاندا تاوتوێ بكه‌ن، هه‌روه‌ها له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا گفتوگۆ له‌باره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌كانی نێوان ڕووسیا و عێراق ده‌كرێ به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانی وزه‌ و نه‌وت و گاز بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ند كۆمپانیایه‌كی ڕووسی هاوشانی لاڤرۆڤ له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ‌ به‌غدا به‌شدارن.

سه‌باره‌ت به‌ جه‌نگی نێوان ڕووسیا و ئۆكراینا، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆچوونی وڵاته‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌ جه‌نگه‌كه‌ بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا بخاته‌ڕوو ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كێشه‌كان له‌نێوان هه‌ردوو وڵات به‌ دیالۆك و دوور له‌ توندوتیژی چاره‌سه‌ر بكرێن و كۆتایی پێ بهێنرێ.

فوئاد حوسێن له‌ دیمه‌كانه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ سێرگی لاڤرۆڤ، ڕێزی عێراق بۆ سه‌روه‌ری هه‌ردوو وڵاتی ڕووسیا و ئۆكراینا ڕاده‌گه‌یه‌نێت.