چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئەمریکا چاری کێشەی هەولێر و بەغدا دەخاتە ئەستۆی حکوومەتی عێراق

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەخاتە ئەستۆی حکوومەتی نوێی عێراق و داوا دەکات هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا ڕێکبکەون .

نێرد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: خەڵکی عێراق حکوومەتێکیان دەوێت کە وەڵامدەری داوا و پێویستییەکانیان بێت، حکومەتی ئەمریکا پشتیوانی خواستی خەڵک دەکات . لە ئاستی ئاسایش و ئابووری و مرۆییدا هاوکارییەکانمان بەردەوامن، هاوکات جەختیشی لە جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا کردەوە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر .
لەدوای بڕیارێکی دادگای فیدراڵیی عێراق، کە زۆربەی شارەزایانی یاسا و یاساناسان پێیان وایە بە هاندەری سیاسی دراوە بە ڕاگرتنی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، کاردانەوەکان لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان تووند بوون. سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی ئەو بڕیارەیان کرد، دادگای فیدراڵی عێراق چەندین کێشەی دیکەی لەبەردەمە و خۆی لە قەرەیان نادات، بەڵام ڕووی کردووەتە ئەو پرسانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان؛ ئەوەش وەکو یاساناسان دەڵێن، بە هاندەری سیاسی و باکگراوندی سیاسییەوە بووە .
هەر بۆ هەمان پرس، کۆنگرێسی ئەمریکا بەردەوامە لە گوشارەکانی بۆ سەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تایبەت لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کۆنگرێس. لە نامەیەکی نوێ دا مایکڵ مەکۆڵ، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کۆنگرێس، داوا لە وەزارەتی دەرەوە و خودی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکات هاوکاری زیاتر بکات بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان بەغدا وهەولێر .
ماکۆڵ لە نامەکەیدا دەڵێ : لە ئابی ڕابردووش نیگەرانیم دەربڕی بەرامبەر بەردەوامی ناکۆکی نێوان هەردوو حکوومەت کە کاریگەری خراپیان لەسەر سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابووری عێراق هەبووە، لەکاتێکدا هەڕەشەی دەرەکی لەسەر عێراق هەیە، گرنگە هەردوو حکوومەت بنەمایەکیان هەبێت بۆ چارەکردنی کێسەکان.
لە نامەکەدا هاتووە : ڕاستە حکومەتی نوێی عێراق دەرفەتی ڕەخساند بۆ گەشەسەندنی عێراق، بەڵام ئێستا هەنگاوی کرداری پێویستە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و لە چوارچێوەیدا کێشەکان چارە بکرێن، بە تایبەت لە چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەردوولا لە داهات و دابەشکردنی سەرچاوە سرووشتیەکان .
مەکۆڵ نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و دەڵێ: ڕەنگە ئەو بڕیارە ببێتە زنجیرەیەکی دیکەی کێشە لە نێوان هەردوولا و مەترسی بخاتە سەر پەیوەندییەکی ئاشتیانەی نێوان هەردوو حکوومەت، بەتایبەت کە خەڵك لە دۆخێکی خراپدایە.
هەر لە نێوەڕۆکی ئەو نامەیەدا، ئەندامەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێ: گرنگە عێراق سەرچاوە سرووشتیەکانی بۆ خزمەتی خەڵکەکەی بێت، نەک بۆ ئەکتەر و ئەو لایەنانە بڕوات بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق بە بەرژەوەندی کار دەکەن .
داوا دەکات گوشار بخاتە سەر بەرپرسانی حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست بۆ چارەی ئەو کێشانە هەبێت، پێویستە ئەمریکا پابەندی خۆی پێشان بدات بۆ کارکردن لەگەڵ هاوبەشانی لە عێراق .
ئەندامەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە کۆتایی نامەکەیدا دەڵێ : پێویستە یەکگرتوویی عێراق لەوەوە سەرچاوە بگرێت کە سەروەت و داهاتەکەی بە یەکسانی بەسەر خەڵکدا دابەش بکرێت، بەشە بودجەی شایستەی هەرێمی کوردستانیش دابین بکرێت .