چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئۆپۆزسیۆنی توركیا هیچ بەرنامەیەکی نوێی بۆ كورد پێ نییە

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئۆپۆزسیۆنی توركیا، كە ئێستا خۆیان لە شەش پارتی سیاسیدا دەبیننەوە، هەموو هەوڵ و ستراتیژییەكیان بۆ ئەوەیە بتوانن لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمان و سەرۆكایەتییدا سەركەوتن بەدەست بهێنن و كۆتایی بە دەسەڵاتی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان بهێنن، ئەگەرچی دەزانن بەبێ پاڵپشتی كورد ناتوانن ئەو سەركەوتنە بەدەست بهێنن، كەچی هیچ شتێكی گرنگ و دڵخۆشكەریان بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد پێ نییە.

شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن، پڕۆژەیەكی گەورەیان راگەیاند، پڕۆژەكە باس لە چارەسەركردنی هەموو ئەو قەیرانانە دەكات كە رووبەڕووی توركیا بووەتەوە، وەكو (قەیرانی دارایی، سیاسەتی دەرەوە، هاوكاری قوتابیان و مافی ئافرەت و ئازادی تاك و هتد)، بەڵام باسیان لە چۆنیەتی چارەسەركردنی پرسی كورد نەكردووە.
ئەو یارییەی ئێستا ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەرامبەر بە كورد دەیكات، كۆتاییەكەی لە بەرژەوەندی ئەردۆغاندایە، چونكە ئۆپۆزسیۆن بە كردار و بەرنامە و بەڵێنی سەر كاغەز هیچ شتێكیان بۆ كورد نەكردووە، تەنیا لە میتینگەكاندا دەڵێن ئەگەر بێینە سەر دەسەڵات پرسی كورد چارەسەر دەكەین، ئەمەش پەنجا ساڵە لە توركیا لەلایەن سیاسییەكانەوە دەوترێت و نابێتە كردار، بۆیە ئەمە دەستی ئەردۆغان واڵا دەكات تا كوردەكان لە خۆی نزیك بكاتەوە.
راستە ئەردۆغان ئینكاری پرسی كورد دەكات لە توركیا و دەڵێت، ئێمە كێشەی كوردمان نییە و كێشەی تیرۆرمان هەیە، بەڵام كاتێك دەچێتە باكووری كوردستان، باس لەو پڕۆژە و خزمەتگوزارییانە دەكات كە بۆ باكووری كردووە، جیا لەوەش باس لە پرسی چارەسەری دەكات و دەڵێت لە سەردەمی مندا هاتە بەرباس كەچی تێكیاندا، كە مەبەستی پەكەكە و هەدەپەیە، هەروەها ئەو دەڵێت لە سەردەمی مندا، رێگە درا TRT بە زمانی كوردی پەخش بكرێت و گۆرانی كوردی و رۆژنامەی كوردی دەربكرێت.
ئەوانەی ئەردۆغان باسی دەكات، راستە و هەموو ئەو هەنگاوانەی ناوە، بەڵام دوای ئەوەی سیستەمی سیاسی لە توركیا بووە سەرۆكایەتی و ئەردۆغان هەموو دەسەڵاتێكی گرتە دەست، ئیدی پرسی كوردی وەلاوە نا و لەگەڵ مەهەپەی هاوپەیمانیدا فشارەكانی بۆ سەر هەدەپە زیاد كرد و بەدەنگی بەرزیش گوتی لە توركیا شتێك نییە بە ناوی پرسی كورد.
ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لەبری ئەوەی ئەو بۆشاییەی ئەردۆغان بۆ پرسی كورد بەجێی هێشتووە پڕ بكاتەوە، كەچی بۆشاییەكەی لە نێوان و خۆیان كورد فراوانتر كردووە، هەر بۆ نموونە هەدەپە كە گەورەترین پارتی سیاسی كوردییە لە باكووری كوردستان و خاوەنی ٦ملیۆن دەنگدەرە، كەچی ئۆپۆزسیۆنی توركیا نەیخستە ناو هاوپەیمانیی خۆیەوە و پشتی تێ كرد، ئەمەش كوردەكانی نیگەران كرد، چونكە ئەگەر ئۆپۆزسیۆن دروشمی نادادپەروەری و نایەكسانی و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و ئازادی تاكی بەرز كردبێتەوە، ئەو دروشمانە بۆ كورد و هەدەپەش هەمان شتە، واتە ئەگەر مافی مرۆڤ لەسەردەمی ئەردۆغاندا پێشێلكرابێت، تەنیا بۆ تورك نەبووە، بەڵكو پشكی شێر بەر كورد كەوتووە، بۆیە چۆن دەبێت هەدەپە و ئۆپۆزسیۆن كۆک بن لەسەر ئەوەی لە توركیا پێشێلی مافی مرۆڤ دەكرێت و داوای لادانی ئەردۆغان بكەن، كەچی ئۆپۆزسیۆن بە هەدەپە بڵێت ئێمە پێویستمان بە تۆ نییە بۆ لادانی ئەردۆغان و دەنگەكانی خۆمان بەش دەكات.
ئەگەر بێت و ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەردەوام بێت لەسەر ئەو یارییە خراپەی لەگەڵ كورددا دەیكات، ئەنجامەكەی بە بردنەوەی ئەردۆغان و پارتەكەی كۆتایی دێت، قەدەری توركیاش بە دەستی خۆیان دەدەنەوە دەستی ئەردۆغان.