هاودەنگ فاروق
پێداگیریی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئەمساڵدا و دوانەخستنی بەهیچ بیانویەك، مایەی مشتومڕ نییە، بەڵكو پێویستە هەمووان لە پەیامەكەی پارتی تێگەیشتبن؛ لایەنە نێودەوڵەتییەكان و چاودێرانیش لەوە بێئاگانین كە دروستكردنی بەربەست بۆ هەڵبژاردن لە ئەمساڵدا، لە لایەن یەكێتییەوەیە و ئەویش بە هۆی ترسی سەركردایەتیی ئێستای ئەو حزبەیە لە بەرەنجامی هەڵبژاردنەکە، بۆیە دەبێ هەموو لایەنەكان و سیاسەتمەداران و چاودێرانی ناوخۆیی و دەرەكی ئەم پرسیارە لەسەركردایەتیی یەكێتی بكەن: چ ڕەوایە ترسی تاكە حزبێك لەوەی دەنگ نەهێنێت، ببێتە هۆی ڕاوەستاندنی پرۆسەیەكی گەورەی یاسایی و دیموکراسی لە كوردستان؟
پارتی، ڕازی بووە هەڵبژاردنەكانی هەرێم بەشێوەی چوار بازنەیی بەڕێوە بچن، کە بیانوویەکی یەکێتی وهەندێ حزبی دی بوو، بەم پێیەش هیچ جۆرە بڕوبیانوویەكی دیکە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت.
بۆیە ئەگەر هەر حزبێک بیەوێت ئۆباڵی دروستكردنی كۆسپ و بیانووی بێ بنەما وە ئەستۆ بگرێت، ئەوە پارتی ئامادەیە بە بێ بەشداریی ئەو لایەنە هەڵبژاردن بکات! چونكە، لە دیدگای پارتییەوە، بەرژەوەندی و شەرعییەتی قەوارەی هەرێمی كوردستان لەسەرووی هەموو جۆرە بەرژەوەندییەكی دیكەیە، ئاخر ناكرێ پرسێكی گرنگی وەك هەڵبژاردن بكرێتە قوربانیی میزاج و ڕەفتاری نامەسئوولانەی حزبەكان.
لەبارەی چۆنێتی بەشداریی پێكهاتەكانیش لە هەڵبژاردندا، نابێت هیچ كەس و لایەنێك ئیرادەی پێكهاتەكان لەتلەت بكات یان شێوازێكی دیاریكراویان بەسەردا بسەپێنێ، ئەوە خودی پێكهاتەكانن دەبێ لەسەر جۆری بەشدارییان بڕیار بدەن.
ئەوەی لەسەرحزبەكان پێویستە، ئەوەیە بەبێ عینادی سیاسی و بەبێ ئەوەی دەستی چەور و ئۆباڵی كێشە ناوخۆییەكەیان بۆ ناو كەشی هەڵبژاردن هەناردە بكەن، بەشداریی هەڵبژاردن بکەن. ئیدی ئەوە یاسایە كە چوارچێوە گشتییەكەی دیاری دەكات. ئەوەش كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنە كە دەزگایەكی یاساییە و پرۆسەکە جێبەجێ دەكات؛ نەك حزبەكان بەزۆر بیانەوێت بەرژەوەندیی حزبیی خۆیان بەسەر پرسی هەڵبژاردندا بسەپێنن، كە پرسی كۆی هاووڵاتییانی كوردستانە و پرسێكی دەستووری و یاسایی گەورەترە لەحزبەکان.
هاوكات پێویستە یەكێتی لەوەش دڵنیابێت كە ناكرێت ڕوئیای خۆی بۆ مافی پێكهاتەكان بكاتە مەرج بۆ بەشداریی هەڵبژاردن، چونكە ئەوە پێكهاتەكان خۆیانن كە ڕەنگڕێژی بەشداریكردنی سیاسیی خۆیان دەكەن، نەك حزبێك ئەو مافە بەخۆی بدات لەباتی ئەوان سنوور و شێوازیان بۆ دیاری بكات.
پارتی بەگوێرەی ستانداردە باوەكان ئامادەیە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و شەفاف، بەبەشداریی چاودێرانی بیانی و ناوخۆیی و هێز و لایەنە سیاسییەكان بکات. ئیتر نە خۆی بە جێگرەوە “وەصی” هیچ لایەن و پێكهاتەیەك دەزانێت، نە هیچ لایەنێكیش وەك “وەصی” بەسەر پێكهاتە و لایەنەكانەوە قبوڵ دەكات، بەڵکو پێویستە هەمووان بەگوێرەی ئیستیحقاقی خۆیان بەشداربن.