سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی شوباتی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە مایك برایسۆن ریچاردسۆن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا كە خاتوو رۆزی كەیڤ كونسوڵی بەریتانیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بە هەنگاوەكانی لایەنە سیاسییەكان بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە چارەسەری گونجاو و هاوبەش نیشاندا.

لە بەشێكی ئەو دیدارەدا پەیوەست بە پرسە سیاسیەكانی هەرێم سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترە و، پێویستە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچن و هیچ پرس و بیانوویەكی تریش بۆ دواخستنی جێگەی قبووڵ نییە.

هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاڵوگۆڕكرا و جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە رێكخستن و نوێكردنەوە و چاكسازیی لەناو ریزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ پڕەنسیپ و مۆڕاڵ و سەروەرییەكانی پێشمەرگەدا هاوتا بێت.

كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی عێراق تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.