دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هونەرمەند ئەحمەد ڕەئوف: مەرجم بۆ دەرکەوتن لە ریكلامدا ئەوەیە ئەو پارەیەی دەمدەنێ بەری دڵ بگرێت

هونەرمەند ئەحمەد ڕەئوف ماوەی چل ساڵە ئەكتەرێكی دیاری هونەری نواندنە؛ كاری دەرهێنان و نووسینی بۆ چەند شانۆگەری و زنجیرەدرامایەك كردووە؛ لەم چاوپێكەوتنەیدا بۆ “هەولێر” دەڵێت: نوێترین دەركەوتنی لە بەرنامەی گەرمەساتە، ڕۆڵی هونەری كۆمیدیا دەبینم پێشتری بەشداری هونەری تراژیدیام كردووە”.

– ئێستا سەرقاڵی چ كارێكی نوێی هونەریت؟

• هیچ كارێكی هونەری نوێم بەدەستەوە نیە بەڵام ماوەی ساڵێك دەبێت ئێستاشی لەسەر بێت لە تەلەفزیۆنی ئاڤا خەریكی بەرنامەی (گەرمەسات)م لە شاری هەولێر.

– بۆچی زۆربەی كارە هونەریەكانت یان دەركەوتنت لەگەڵ عیرفانی وەستا محەمەددایە؟

• پێشتر لە بەرنامەی بەزمی بەزم و چەند كارێكی دیكەی هونەرییشدا،  پێكەوە بووین، ماوەی دوو ساڵیش دەبێ پێكەوە كاری هونەریمان نەكردووە. مەرجیش نیە وەها بێت یان زۆر لەگەڵ ئەو دەركەوم.

– چەند ساڵێك پێش ئێستا دەنگۆی مردنت بڵاو بووەوە بە هۆكاری هاتوچۆ لە رێگەی هەولێر سلێمانیدا؛ ئەمە چۆن بوو؟

• ئەو كەسانەی ئەو هەواڵە بێبنەما و ناڕاستەیان بڵاو كردەوە، بەبێ گوێدانە ئەتەکێتی پیشەیی، ئەوە تەنیا بۆ سواڵی لایك و كۆمێنێت ئەو كارەیان كرد؛ پێم وایە نەخۆشینی دەروونییان هەیە.

– هیچ كارێكی سیناریۆ و دەرهێنانت كردووە بەدەر لە ئەكتەرایەتی؟

• بەڵێ كاری دەرهێنانم بۆ ٩٠ ئەڵقەی (قاقا) كردووە كە لە سێ رەمەزاندا لە كوردساتەوە دابەزی؛ كاری دەرهێنانم بۆ دوو شانوگەری کردووە، (دارستان و یاساكەی)، (دەرمانەكەی رەحیم) كردووە كە ٩٥ ڕوژ بەردەوام بوو لە شاری مانهایم و هایدلبیر لە ئەڵمانیا نمایشمان كرد.

– زۆربەی دەورەكانت لە كاری نواندندا كۆمیدیایە؛ تراژیدیا نیە، بۆچی؟

• سەرەتای خوێندنم لە پەیمانگای هونەرە جوانەكان بە تراژیدیاوە دەستم پێ كرد، وەك (دیوار) ، (مانگی ئاوا بوو) ، (ماڵئاوا ئەی شاعیران!) و چەندین كاری تر بەڵام لە كوتاییدا خوم لە كۆمیدیا بینیەوە.

– پێت وایە لە كاری تواندنی تراژیدیاشدا هێندەی كۆمیدیا سەركەوتوو دەبیت؟

• بەهیوام لە تراژیدیاشدا سەركەوتوو بم، لە كارەكانی داهاتوومدا بەشداری دەکەم لە كاری تراژیدیایشدا، هیوام وایە جێگەی ڕەزامەندیی هەوادارەكانم بێت.

– نێوانت لەگەڵ ئەو هونەرمەندا چۆنە كە ساڵانێك لە بەرنامەی هەمەڕەنگدا پێكەوە كارتان دەكرد؟

• نێوان لەگەڵ هونەرمەندانی بەرنامەی هەمەڕەنگ زۆر باشە و زۆریش بەڕێزن لە لام؛ ساڵانێكی زۆر پێكەوە كارمان كردووە؛ ئەو ڕۆژانە لە مێژوودا بە درەوشاوەیی ماوەتەوە.

– هاوسەرەكەیشت هونەرمەندە؛ دوو هونەرمەند لە ماڵێكدا، چۆن كارەكانی ماڵەوە رێك دەخەن؟

• نێوانمان زۆر باشە و خەریكی كاری هونەرین، زۆربەی كات پێكەوە؛ ئەگەر خەسووم نەبوایە یان هاوكارمان نەبوایە بۆ ئامادەكردنی خواردن لە ماڵەوە، ئەوا مووچەكە هەمووی دەڕۆیشت بە داواكردنی خواردنی ئامادەكراو و گەیاندن (دلیڤەری).

– كوڕ و كچەكەت كامیان خولیایان هەیە ببنە هونەرمەند؟

• سەرەتا هەردووكیان حەزیان دەكرد بەشداری كاری نواندن بكەن بەڵام دوایی دوور كەوتنەوە. 

– مەرجت هەیە بۆ بەشداریكردن لە ریكلامدا یان نا؟

• بەدڵنیایەوە مەرجم دەبێت؛ مەرجەكانیش ئەوەیە تێكستەكە و ‌ئەكتەرەکەی بەرامبەرمم بەدڵ بێت؛ ئەو گرێبەستەشی دەیكەین بۆ ریكلامەكە بڕە پارەیەكی باش بێت و بەری دڵ بگرێت.

– بیری کام هونەرمەند دەكەیتەوە و حەزە دەكەیت بیبینتەوە، بەڵام تازە محاڵ بێ؟ 

• بیری هونەرمەندانی كۆچكردوو عەبدوڵا خەیات و ئاسۆی عومەر سوارە دەكەمەوە، كە هیچیان لە ژیاندا نەماون و هەرگیز نایانبینمەوە.