دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هەرێم محەمەد: هەر کارێکم کردبێ لە هزری خەڵکدا ماوەتەوە و جێگەی خۆی کردووەتەوە

گۆرانیبێژی ناسراو و دەنگخۆش “هەرێم محەمەد” لە دیدارێکی تایبەتیدا لەگەڵ “ڕۆژنامەی هەولێر” وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار دەربارەی هونەری و ڕەسەنایەتیی گۆرانی دەداتەوە، جیا لەوەی مژدەی کاری نوێ دەداتە گوێگرانی.

٭ چەند ساڵێکە چەندین ستایلی جۆراوجۆر هاتوونەتە ناو گۆرانی کوردییەوە، تا چەند ئەو ستایلانە لە خزمەت ڕەسانایەتیی کوردی دەبن؟

ـ بێگومان هونەری کوردی هەرچەند کاری لەسەر بکرێ و ستایلی تازەی بێتە ناوەوە ئەوەندە فراوانتر و دەوڵەمەند تر دەبێ بەوەی کە کولتور و هونەری خۆمان بناسێنین بە وڵاتانی تر، بە بڕوای من هونەری کوردی نابێ لە یەک فۆرمدا بمێنێتەوە، دەبێ خزمەتی زیاتری پێ بگەیەنین، بەڵام هەموو ئەمانە لە ڕەسەنایەتیدا بمێننەوە.

٭ هێندەی بایەخ بە دەنگ دەدرێ لە کوردستان هێندە بایەخدان نییە بە میوزیک، کە لە بنەڕەتیشدا میوزیک وادەکات ئەو دەنگە بەرەوپێش بچێت، بەڕای تۆ چ شتێک وا دەکات ئەمە بگۆڕدرێ و میوزیکیش بایەخی زیاتری پێ بدرێ؟

ـ بۆ کاری گۆرانیگوتن دەبێ میوزیک هەمیشە لە خزمەتی دەنگدا بێت بۆ ئەوەی بەرهەمی باش بێتە بوون، لە کوردستان ئەو کارانەی کراون لەلایەن میوزیکژەنانەوە تا ڕاددەیەک کاری باشبوونە، بەڵام دەکرێ کاری باشتر بکرێ، ئەمەش بۆ ئەوەیە میوزیسیان پێویستە بە میوزیک تێکەڵی گۆرانییەکە بێت، نەک هەریەکەیان لە فۆرمێک بن، بۆیە زۆر گرنگە کە گۆرانییەک تۆمار دەکرێ زۆر ئاگادار بین لەوەی دەبێ میوزیک لە خزمەتی دەنگەکەدا بێت، دووبارەیش دەیڵێمەوە ئەوەی لە کوردستان کراوە خراپ نەبووە و دەکرێ باشتریش بێت، من دڵنیام بۆ داهاتوو کاری زۆر باشتر و بە فۆرمی جیاواز و تازەوە دەکردرێ.

٭ تۆ لە سەرەتای کارەکانت ناوبانگت پەیدا کرد، بەڵام ئەم ناوبانگە کەمتر بوو لەچاو ئەوکاتەی تۆ چەند گۆرانییەکی “فەرهاد زیرەک”ـت وتەوە و ناوبانگەکەت زۆر زیاتر بوو، تۆ ئەمە بە هۆکاری گشتی دەبینی؟

ـ ناوبانگ هیچ کاتێک بۆ من گرنگ نەبووە، بەڵکوو خزمەت بۆ من گرنگ بووە، خزمەت بەو مانایەی گۆرانییەکی ڕەسەن و زۆر کوردی بکەمە خزمەت، لە پاڵ ئەوەیشدا ناوبانگ گرنگییەکەی لەوەدایە هانت دەدا بۆ بەرهەمهێنانی کاری باشتر و زیاتر، من لە ساڵی 2009ـەوە تاکوو ئێستا هەر کارێکم کردبێ لە هزری خەڵکدا ماوەتەوەو جێگەی خۆی کردووەتەوە، ئەمەی دڵخۆشییە بۆمن کە توانیومە ئەو خزمەتە بکەم و بگەیەنم.

٭ چەند دوێتێکت کردووەو و ئەو دوو دوێتەی کۆتاییشت ستایلی هەڵپەڕکێ بوونە، بیرۆکەی هیچ دوێتێکی ترت هەیە لەگەڵ هونەرمەندێکی تر؟

ـ من دوو دوێتم کردووەو هەردوو بەرهەمەکەیش زۆر ڕەسەن بوونە، کارەکانیش لەگەڵ هونەرمەندانی بەڕێز “هەڵدێر محێدین و کارمەند ڕواندزی” بووە، هەردوو بەرهەمەکەیش زۆرترین دەنگدانەوەی هەبووەو خەڵک پێشوازییەکی زۆر گەرمییان لێکردووە، ئەو بەرهەمانە تەنها بە هیمەتی من نەبووەو هاوکاری هەردوو هونەرمەند و میوزیسیانانیش وایکرد خەڵاتێکی زۆر بەدەستبهێنین، بەهیوام لەگەڵ هەردوو هونەرمەندی ناوبراو و هونەرمەندانی تریش کاری دوێتی تر بکەین، گرنگ ئەوەیە لەلای من خزمەت بە هونەری کوردی بکەین.

٭ هیچ کارێکی نوێت لە بەردەستە و ئێمەیش بتوانین لێرەوە بۆ گوێگرانتی بنوسینەوە؟

ـ بەڵێ بێگومان کارێکی جددی و باشم هەیە و لە ماوەیەکی کەمی داهاتوودا ئەو بەرهەمە دەکەوێتە بەر دیدەتان، بەڵام کاری هونەری هێندە ناسکە ناتوانم لە ئێستاوە ناونیشانی بەرهەم و کارەکان ئاشکرا بکەم، بەڵام ئەوکات ئێوەی لێ ئاگەدار دەکەمەوە.