دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هه‌ولێر له‌ یارییه‌كی چاره‌نووسسازدا رووبه‌ڕووی كه‌رخ ده‌بێته‌وه‌ و زاخۆش میوانداریی نه‌فت ده‌كات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ گه‌ڕی چوارده‌یه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی عێراقی، هه‌ولێر له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی كه‌رخ له‌ شاری به‌غدا، یارییه‌كه‌ كاتژمێر (2:30) به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هه‌ولێر 4 یارییه‌ تامی بردنه‌وه‌ی نه‌كردووه‌ و هانده‌رانی یانه‌كه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كانی یانه‌كه‌ رازینین، هه‌ر ئه‌مڕۆ زاخۆ له‌ هه‌مان كاتدا میوانداریی یانه‌ی نه‌فت ده‌كات. نه‌ورۆزیش له‌ یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریری میواندایری دیوانیه‌ ده‌كات، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كانی یانه‌ كوردستانییه‌كانی به‌شدار له‌ خولی نایابی عێراقی ده‌كات.

هه‌ولێر پێویستی به‌ بردنه‌وه‌یه‌

هه‌ولێر له‌سه‌ر ده‌ستی راهێنه‌ر غازی فه‌هد، 4 یارییه‌ نه‌یبردووه‌ته‌وه‌، له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ فشارێكی زۆریان له‌سه‌ره‌، به‌هۆی زۆری گۆڕانكاری، له‌ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ یاریزانه‌كان تازه‌ن و گونجانێكی باش له‌ نێوانیان نییه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ئاستی یاریزانه‌كان دروستكردووه‌، پێشبینی ده‌كرێت له‌ یاریی ئه‌مڕۆ ئاستێكی باشتر له ‌یارییه‌كانی رابردوو پێشكه‌ش بكات، 13 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی پازده‌یه‌م دێت، 12 گۆڵی لێكراوه‌ و 9 گۆڵی كردووه‌، ئێسته‌ نزیكه‌ شێركۆ كه‌ریم بگوازێته‌وه‌ و پێكهاته‌كه‌ی به‌هێزتر بكات.

پێكانی هێلیۆ مۆنتێرۆ و ئه‌حمه‌د سه‌رتیپ، كاریگه‌ری خراپی به‌سه‌ر تیپه‌كه‌وه‌ هه‌بووه‌، ئه‌مڕۆ پێشبینی ده‌كرێت به‌ پلانی (4-3-3) یاری بكات.

كه‌رخ، وه‌ك یانه‌یه‌كی پێگه‌یاندنی یاریزانان ناسراوه‌، ساڵانه‌ چه‌ند یاریزانێك له‌ قوتابخانه‌كه‌ی ئه‌و پێده‌گه‌ن و به‌ پاره‌یه‌كی باش به‌ یانه‌كانی دیكه‌ی ده‌فرۆشێته‌وه‌، حه‌سه‌ن عه‌بدولكه‌ریمی ناسرا و به‌ قوقیه‌، كه‌ ئێسته‌ له‌ یانه‌ی زه‌ورایه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراقی جامی كه‌نداوی برده‌وه‌، به‌رهه‌می یانه‌ی كه‌رخه.

كه‌رخ  به‌ بوونی كۆمه‌ڵێ یاریزانی لاو ركابه‌ری یانه‌كان له‌ خولی عێراقی ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆش له‌ یاریگه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت گورزێكی دیكه‌ له‌ هه‌ولێر بده‌ن و ره‌وانه‌ی ناوچه‌ی سووری بكه‌ن، له‌ 13 یاریی 18 خاڵی هه‌یه‌، 13 گۆڵی كردووه‌ و 10 گۆڵی لێكراوه‌، له‌ خانه‌ی یازده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.

زاخۆ یاریگه‌ ئاگرینه‌كه‌ی بۆ نه‌فت ئاماده‌كردووه‌

یانه‌ی زاخۆ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆی كاتژمێر(2:30) میوانداری یانه‌ی نه‌فتی شاری به‌غدا ده‌كات، زاخۆ دوای گۆڕانكارییه‌ زۆره‌كه‌ی له‌ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ی كردوویه‌تی،  گه‌ڕی رابردوو گۆڵبارانی دیوانیه‌ی كرد، زه‌نگی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ به‌هێزی خۆی بۆ یانه‌كان لێدا، ئێسته‌ به‌ راهێنه‌رایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بدولئه‌میر له‌ دۆخێكی باشتردان، یانه‌ی نه‌فتیش ئه‌نجامه‌كانی باش نین، بۆیه‌ زاخۆ ده‌رفه‌تی له‌به‌رده‌مه‌ تا له‌نێو خاك و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی له‌ نه‌فت بباته‌وه‌ و هه‌نگاوێك له‌ ناوچه‌ی دابه‌زین دووربكه‌وێته‌وه‌، سوورپۆشه‌كانی خاپوور له‌ 13 یاریی 11 خاڵیان هه‌یه‌و له‌ خانه‌ی حه‌ڤده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێن.

نه‌ورۆز نێچیرێكی ئاسانی له‌به‌رده‌سته‌

نه‌ورۆزئه‌مرۆ چوارشه‌مه‌ كاتژمێر(7:30)،  له‌ هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی یه‌كه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری میوانداریی یانه‌ی دیوانیه‌ ده‌كات، نوێنه‌ره‌كه‌ی سلێمانی به‌ راهێنه‌رایه‌تی وه‌لی كه‌ریم گه‌ڕی رابردوو له‌گه‌ڵ شوڕته‌ به‌ دوو گۆڵ یه‌كسانبوو، بۆیه‌ پاڵنه‌رێكی باشه‌ تا ئاستێكی باشتر له‌گه‌ڵ خراپترین تیپی ئه‌م وه‌زره‌ی خولی نایابی عێراقی تۆمار بكات، كه‌ دیوانیه‌یه‌، بۆیه‌ به‌ نێچیرێكی ئاسانی ده‌بینرێت تا نه‌ورۆز لێیبباته‌وه‌ و 3 خاڵی گرنگ به‌ده‌ستبهێنێت، نه‌ورۆز به‌ 13 خاڵ له‌ خانه‌ی شازده‌یه‌م دێت، دیوانیه‌ش به‌ 2 خاڵ له‌ خانه‌ی بییسته‌م و كۆتایی دێت، تاكه‌ یانه‌یه‌ له‌ خوله‌كه‌ هیچ بردنه‌وه‌یه‌كی له‌ 13 یاریی رابردوو به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌، نه‌ورۆز به‌ بوونی یاریزان كلاودیۆ ئۆلیڤێرا، كه‌ له‌ هێڵی هێرشبه‌ر یاریی ده‌كات، ده‌یه‌وێت له‌ دیوانیه‌ بباته‌وه‌، كلاودیۆ به‌ تۆماركردنی 6 گۆڵ گۆڵكه‌ری یه‌كه‌می ئه‌م وه‌رزه‌ی یانه‌ی نه‌ورۆز و له‌ ریزبه‌ندی گۆڵكارانی سێیه‌می خولی عێراقه‌، 3 ئاسیسیتیشی هه‌یه‌.