سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پڕۆژه‌ی په‌ره‌پێدانی ته‌كنه‌لۆجیای ئه‌مه‌ریكی له‌ كوردستان ڕاگه‌یه‌ندرا

چواس خالید – هەولێر

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و كونسوڵی گشتیی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان، پڕۆژه‌ی ‘په‌ره‌پێدانی ته‌كنه‌لۆجیای ئه‌مه‌ریكیی له‌ هه‌رێمی كوردستان’ یان ڕاگه‌یاند، كه‌ خۆی له‌ بنیاتنانی نۆ تاقیگه‌ی زانستی به‌ نوێترین ئامێری سه‌رده‌مییانه‌ له‌ زانكۆكانی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك بۆ ڕاهێنانی قوتابیان ده‌بینێته‌وه‌.

د. ئارام محه‌مه‌د، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، پڕۆژه‌ی په‌ره‌پێدانی ته‌كنه‌لۆجیای ئه‌مه‌ریكیی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ بڕی شەش سەد و پەنجا هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، له‌ هه‌رسێ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر، پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و پۆلیته‌كنیكی دهۆك جێبه‌جێ ده‌كرێت.
وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕوونیكرده‌وه‌، پڕۆژه‌كه‌ له‌ بنیاتنانی نۆ تاقیگه‌ی زانستی به‌ نوێترین ئامێری زانستیی سه‌رده‌میانه‌ پێكدێت و بۆ هه‌ریه‌ك له‌م تاقیگانه‌، ڕاهێنانی تایبه‌ت به‌ ستافی ناوخۆیی و مامۆستایانی زانكۆكان ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌شێوه‌یه‌كی زانستیی دروست، تاقیگه‌كان بۆ مه‌به‌ستی فێركاری به‌كاربهێنن.
له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا د. ئارام محه‌مه‌د گوتی: پڕۆژه‌كه‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ بایه‌خدانی زیاتر به‌ گه‌نجان و لاوانی وڵاته‌كه‌مان، له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی توانا و كارامه‌ییان له‌ بواری ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری. به‌تایبه‌تی بواری ‘تیلیكۆمیۆنیكه‌یشن و ئای تی و نێتۆڕكینگ’، كه‌ بۆ بازاڕی كاری ناوخۆیی و نێوده‌وڵەتی گرنگن و جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ ڕیفۆڕمی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان له‌ بواری خوێندنی باڵا لێی ده‌ڕوانین، چونكه‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ زانكۆكانی كوردستان تا ڕاده‌یه‌ك ناتوانن وه‌ڵامی واقعی ئه‌مڕۆ و بازاڕی كاری كوردستان بده‌نه‌وه‌، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌بێته‌ پاڵپشتییه‌كی باش بۆ پێگه‌یاندنی ده‌رچوویه‌كی به‌توانا و خاوه‌ن سكێڵ و كارامه‌یی.
هاوكات له‌باره‌ی لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی پڕۆژه‌كه‌، ئیرڤن هیكس كونسوڵی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان، ڕایگه‌یاند: ئه‌و تاقیگانه‌ی له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌دا‌ له‌ زانكۆكانی كوردستان دروست ده‌كرێن، ده‌بنه‌ وێستگه‌یه‌كی گرنگ بۆ یارمه‌تیدان و ڕاهێنانی قوتابیان به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌رچوان ده‌توانن نه‌ك هه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو له‌ بازاڕی جیهانیش كێبڕكێ بكه‌ن. ئه‌م پڕۆژه‌ بناغه‌یه‌كی پته‌و بۆ خه‌ڵكی كوردستان دروست ده‌كات، تا له‌ڕووی بازرگانی وفەرهەنگییەوە به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ ببه‌سترێته‌وه‌.
له‌ هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ زیاتر له‌ سی هه‌زار قوتابی له‌ زانكۆكان ده‌رده‌چن و دێنه‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك وه‌زیری خوێندنی باڵا ده‌ڵێ: پڕۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ زانكۆكانی كوردستان تا ڕاده‌یه‌ك ناتوانن وه‌ڵامی واقعی ئه‌مڕۆ و بازاڕی كاری كوردستان بده‌نه‌وه‌ و ناتوانن به‌ته‌واوی له‌ بازاڕه‌كان جێگه‌یه‌ك بۆ خۆیان بكه‌نه‌وه‌ و ڕه‌نگە دواجار ئه‌م پڕۆژه‌‌ یارمه‌تیده‌ر بێت و ئه‌م گرفته‌ چاره‌ بكات.