سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی ـدابەڵگەفیلمی “ئیدریس بارزانی – ئەندازیاری ئاشتی” نمایش کرا

دوێنێ 36ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شەهید ئیدریس بارزانی ـیدا تێپەڕی و بەو بۆنەیەوە چەندین چالاکی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا و بەشێوازی جیا جیا یادی ئەو سەرکردەیە کرایەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، لە هەولێر لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی، تۆڕی میدیایی رووداو بەڵگەفیلمێکی لە ژێر ناونیشانی ئیدریس بارزانی – ئەندازیاری ئاشتی” نمایش کرد.
لە مەراسیمەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حزبی و حکومی، هەروەها چەند دیپلۆماتکار و کۆنسوڵی وڵاتان بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد.
بەڵگەفیلمەکە، کە تایبەت بوو بە خەبات و ژیانی سەرکردەی هەمیشەلەیاد ئیدریس بارزانی، لە دەرهێنانی ئاسۆ حاجییە، کە چەندین کەسایەتی و هاوڕێی کاک ئیدریس بارزانی لە بەڵگەفیلمەکەدا لەبارەی ژیان و کەسایەتیی و تایبەتمەندییەکانی ناوبراوەوە دواون.
لە مەراسیمەکەدا ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتارێکی لەسەر بەڵگەفیلمەکە پێشکەش کرد و لە بەشێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە سەرۆک مەسعود بارزانی ئەوکاتەی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا دەبێت لە ناوچە ئازادکراوەکانی پارێزگای دهۆک، هەواڵی کۆچی دوایی کاک ئیدریس بارزانی برای پێدەگات، هەستی خۆی دەنووسێت و لە رستەیەکدا دەڵێت، “تۆ خەمخۆری خەمی هەژار و لێقەوماوان بووی.”