نرخی زێڕ بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەیەکی کەم دابەزی، بازرگانان دوودڵن و چاوەڕوانی بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەبارەی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەکەن، بەڵام نرخی نەوت کەمێک بەرزبووەوە.
هەرچەندە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ رۆژی سێشەممە لە کۆتایی مامەڵەکاندا بۆ سەرووی 1930 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی ئەو کانزا زەردە دابەزییەوە بۆ نزیکەی 1925 دۆلار.
دابەزینی نرخی زێڕ هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی سوودی بانکی لەم هەفتەیەدا لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە کە بە بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەستپێدەکات.
شەوی چوارشەممە، کاژێر 21:00 بەکاتی هەولێر، بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی رادەگەیێنێت. پێشبینیی دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا تەنیا بە رێژەی 0.25٪ سوودی بانکی بەرزبکاتەوە.
پاش راگەیاندنی سوودی بانکی، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە گوتارێکدا باس لە رەوشی ئابووریی ئەمریکا و ئەو خۆڕاگرییە دەکات کە لە بەرامبەر هەڵاوسان پێشانی داوە.
نرخی زێڕ لە یەکەم مانگی ئەمساڵ توانیویەتی بە رێژەی 5.7٪ بەرزببێتەوە. هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بە گۆڕانکاری لە سیاسەتی نەختیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەستنیشانکراوە.
نرخی نەوت کەمێک بەرزبووەوە
دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار بەرزبووەوە. نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 20 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 31 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 79 دۆلار و 21 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڵام بەرزبوونەوەکان سنووردار بوون، بەوپێیەی کە ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست بۆ ئەو بەرهەمە ستراتیژییە.
بانکی ئوسترالی – نیوزیلاندی، ANZ لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، “بەهۆی وەرزی راگەیاندنی قازانجی کۆمپانیاکان و ئەنجامی ئەرێنیی هەندێ لە کۆمپانیاکان و لەلایەکی دیکەشەوە پێشبینییەکان بۆ کەمتر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، نرخی نەوت بەرزبووەتەوە.”
بەپێی بەشێک لە شرۆڤەکارانی ئابووری، کەمتر بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار کە یارمەتیدەرە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا و کانزاکان.