دەقی ڕاگەینراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە یادی شەهیدانی 1ـی شوبات:-
پێش 19 ساڵ و لەڕێکەوتی 1 ـی شوباتى ساڵى 2004 تیرۆریستانی تاریکویست لە دوو کردەوەى خۆکوژیدا لە شارى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان (103)بەرپرسى حکوومى و سەرکردە و کادیر و پێشمەرگە و هاووڵاتییان شەهید کرد و ژمارەیەکى تریش برینداربوون.
ئەگەرچى تیرۆریستان ئەو کارە قێزەوەنەیان بۆ تێکدانى ئاشتى و گیانى لێبوردەیى و خۆشییەکانى جەژن بوو، بەڵام خوێنى شەهیدان و قوربانییەکان بوونە هەوێنى زیاتر بەهێزکردنى گیانى پێکەوەژیان، تەبایى و یەکێتى ڕیزەکانى گەلى کوردستان.
ئەمساڵیش کە یادى شەهیدان و قوربانییانی ئەو کارەساتە دەکەینەوە لەگەڵ ناردنى دروود بۆ گیانى شەهیدانى کوردستان، گەل و حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەکاتێکدا شانازى بە ئاسایش و ئارامى کوردستان و خۆڕاگرى لە ئاست هەموو کارەسات و قەیرانەکان دەکات و لە هەمانکاتدا جەخت لە یەکخستنى هەوڵەکان دەکەینەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و تیرۆریزم.
هیوادارین ئەم بۆنانە هاندەرى زیاتر بەهێزکردنى سەروەرى کوردستان و یەکڕیزی گەلەکەمانبێت. ئێمەش لە وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، بیرەوەرى شەهیدان و قوربانییان بەرز و زیندوو ڕادەگرین و وەک هەمیشە لە هەوڵى بەردەوامداین بۆ خزمەتکردنى کەسوکارى شەهیدان.
وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان