سلێمان تاشان – ههولێر
یەک لەسەر سێی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق دابەزیوە و سەعاتەکانی پێدانی کارەبا زۆر کەمی کردووە. ئێران نزیکەی هەفتەیەکە هێڵی گازی سروشتی لەسەر عێراقی گرتووەتەوە و لەدوای قەیرانی شکانی بەهای دینار، ئەم جارە قەیرانێکی تر بەربینگ بە عێراق دەگرێت.
وەک ئاشکرایە بەشێکی بەرچاو لە پێداویستیی عێراق بە گازی سروشتی لە ئێرانەوە دابین دەکرێت، بەڵام ماوەیەکە بە تەواوی پچڕاوە و ئەمەش کاریگەریی زۆر بەرچاوی لە کەمبوونەوەی سەعاتەکانی دابینکردنی کارەبا لە عێراق هەبووە.
ئەو گازەی عێراق لە ئێرانی دەکڕێت بۆ مەبەستی دابینکردنی سووتەمەنییە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، سەیر لەوەدایە لە دۆخێکدا کە عێراق پێویستی بە زۆرترین سەعاتی کارەبا هەیە، سەرووی یەک لەسەر سێی ئەو کارەبایەی بەرهەمی دەهێنێت کەم بووەتەوە و لەپڕ چەندین سەعات لە پێدانی کارەبا کەمی کردووە و تەنگژەیەکی تر سەری هەڵداوە.
وەزارەتی کارەبای عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە هاوردەی گاز لە ئێران ڕاگیراوە و بەمەش حەوت هەزار و پێنج سەد مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا کەمی کردووە. وەزارەتەکە هۆکاری پچڕانی هاوردەی گازی بۆ لایەنی ئێرانی گەڕاندووەتەوە و دەڵێ پێیان ڕاگەیاندوون خەریکی نۆژەنکردنەوەی هێڵەکەن.
وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی داوە کە بە هەماهەنگی و هاوکاریی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەوڵ دەدەن سووتەمەنی جێگرەوە بدۆزنەوە و لە ڕێی هێڵەکانەوە سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکەن، بەڵکوو ئەو کورتهێنانەی بەرهەمهێنانی کارەبا پڕ بکاتەوە.
کەمبوونەوەی ئەو ڕێژە بەرچاوەی کارەبا لە عێراق، لە کاتێکدایە کە زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق دوێنێ لە کۆنفرانسێکدا باسی لەوە کرد کە ئەمساڵ حکوومەتی عێراق پلانی داناوە هەزار مێگاواتی تر بەرهەمی کارەبا زیاد بکات.
یەکێک لەو کۆمپانیا جیهانییە بەناوبانگانەی کە بە گوتەی وەزیری کارەبای عێراق هاوکاری کەرتی کارەبای وڵاتەکەی کردووە، کۆمپانیای جەنەراڵی ئەمەریکییە و لە ڕابردوودا دوو ملیار و چوار سەد ملیۆن دۆلاری لە سندووق و بانکە جیهانییەکان بۆ پەرەپێدانی کەرتەکە کۆ کردووەتەوە. کۆمپانیایەکی تر کە ڕۆڵی لە پەرەپێدانی کەرتی کارەبای عێراق هەیە، کۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانییە و گوتوویەتی کۆمەڵێک پڕۆژەیان بەدەستەوەیە کە دەتوانن بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی هەزار مێگاوات بەرز بکەنەوە.
پێشتریش، کۆمەڵێک کۆمپانیای تر گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردووە بۆ ئەوەی پێداویستیی کارەبای عێراق دابین بکەن کە ساڵ بە ساڵ زیاد دەکات و باس لەوە دەکرێ پێداویستییەکە بۆ سی هەزار مێگاوات زیادی کردووە لە کاتێکدا تا پێش پچڕانی هێڵی گازی سروشتی ئێرانی، نزیکەی بیست هەزار مێگاواتی بەرهەم دەهێنا و ئەو بڕەش ئێستا بۆ دوو لەسەر سێ کەمی کردووە.
کێشە هەرە سەرەکییەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق، بریتییە لە نەبوونی سەرچاوەی گونجاوی سووتەمەنی بۆ وێستگەکان. پێویستە ئاماژە بەو راستییەش بکرێ کە عێراق دەوڵەمەندە بە گازی سروشتی بەڵام نەیتوانیوە ئەو گازە سروشتییە کۆنترۆڵ بکات کە لەگەڵ دەرهێنانی نەوتدا دێتە دەرەوە و ناچار لە هەوادا دەیسووتێنن و ئەمەش ساڵانە ملیاران دۆلار زیان بە ئابوری عێراق لە لایەک و ژینگەکەی لە لایەکی تر هەیە.
ئەم ڕۆژانە کە حکوومەتی عێراق تووشی قەیرانی دابەزینی بەهای دینار بووە بەهۆی ئەو دۆلارەی بۆ ئێران دەگوازرایەوە، ڕێکاری توند لە مەرزەکان گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی رێ لە چوونەدەرەوەی دۆلار بگیرێت؛ هێشتا هەنگاوەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار نەبووە، ئەوەتا قەیرانێکی تر بەربینگی عێراقی گرتووە کە ئەویش پێوەندیدارە بە گواستنەوەی سووتەمەنی گازی سروشتی لە ئێرانەوە بۆ عێراق.
ئێرانیش لە ناوخۆدا بەهۆی هاتنی وەرزی سەرما، تووشی قەیرانی گاز بووە و ئەوەی بەرهەمی دەهێنێت بەشی پێداویستییەکانی ناکات و لە لایەکی تر گومان لەوە دەکرێ ئەمەش گوشارێکی سیاسی تر بێ بۆ سەر حکوومەتی نوێی عێراق بۆ ئەوەی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا بە لای ئەمەریکایدا نەشکێنێتەوە و لەو ڕێیە لا نەدات کە بۆیان دەستنیشان کردووە.