سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نرخی نەوتی برێنت بۆ خوارەوەی 85 دۆلار دابەزی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت و زێڕ دابەزی. هۆکارەکەیشی بەشێوەیەکی سەرەکی دوودڵی بازرگانانە لە بازاڕەکان، چونکە نزیکەی 40 کاژێری دیکە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیار لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەدات. 

سەرەڕای ئەوەی نرخی زێڕ بۆ ماوەی سێ مانگی یەک لە دوای یەکە بەرزدەبێتەوە و لە نزیک بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی بۆ نزیکەی 1920 دۆلار.

شەوی چوارشەممە کاژێر 09:00 بە کاتی هەولێر بانکی ناوەندیی ئەمریکا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە ئەمساڵدا ئەنجام دەدات و بڕیار لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەدات.

ئەوە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەمڕۆ نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لەبەر نیگەرانی و دوودڵیی بازرگانان تەنانەت دابەزێت بۆ خوارەوەی 1920 دۆلار.

ترس لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەی زیاتر لە 0.25% بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵەکانیان بکەن. پێشبینی دەکرێت ئەگەر نرخی زێڕ لەو ئاستانە زیاتر دابەزێت، ئاراستەی دابەزینەکانی خێراتر بێت و نزیکبێتەوە لە 1900 دۆلاریش.

بەپێچەوانەوە، ئەگەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی هێندە بەرزنەکاتەوە هەر لە دەوروبەری 25 خاڵ بەرزکردنەوەکانی سنووردار بکات، پێشبینی دەکرێت نرخی زێڕ روو لە بەرزبوونەوە بکات. لەو رەوشەدا لەوانەیە نرخی زێڕ بەرزببێتەوە بۆ زیاتر لە 1950 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. 

نرخی نەوتی برێنت بۆ خوارەوەی 85 دۆلار دابەزی

هەر بەهۆی نزیکبوونەوە لە کاتی راگەیاندنی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا و ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەیەکی زیاتر لەو 0.25٪ـی کە پێشبینیکراوە، رووی لە دابەزین کرد.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 31-1-2023 هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور نزیکەی پێنج سەنت دابەزی و بە 84 دۆلار و 85 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 33 سەنت دابەزی و بە 77 دۆلار و 57 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

سەرەڕای ئەوەی بەهۆی بەرزکردنەوەی پێشبینییەکان بۆ گەشەی ئابووریی جیهان لەلایەن سندووقی نێودەوڵەتیی دراوەوە، دابەزینی نرخەکانی نەوت ئەمڕۆ سنووردار بوون.

هەرچەندە بەرزبوونەوەی سوودی بانکی مەترسی بۆ خاوکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لە ئەمریکا دروست دەکات، بەڵام گەشبینییەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو رێگربووە لە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت.