دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سووریا و عێراق دەکات

ڕۆژی دووشەممە 30ی کانوونی دووەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە جەنەڕاڵ مەکفارلێن فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سووریا و عێراق بۆ شەڕی دژی داعش و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا بارودۆخی مەیدانیی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ کرا و جەخت لەوە کرایەوە کە تیرۆر مەترسییەکی بەردەوامە و هەتا ڕیشەکێشکردنی تیرۆر و هزری توندڕۆیی پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان و وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ یەکتر لە هەوڵ و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن. هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و بە هێزێکی تۆکمە و خاوەن ورەی وسف کرد و ئەوەشی ڕاگەیاند کە هاوپەیمانان خوازیاری ئەوەن پێشمەرگە بە نەفەسێکی تازە و دامەزراوەیی ڕێک بخرێتەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوپەیمانانی کرد لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا و هێماشی بەوەدا کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان قوربانیەکی زۆری داوە بەڵام دواجار هەمیشە لە خەبات و تێکۆشانیدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە. چونکە خاوەنی ئیرادەی خۆی و بەدوای دۆزێکی ڕەوا بووە و پێویستە ئەوە بەردەوام بێت و لەمەودواش هێزی پێشمەرگە بە گیانی نیشتیمانپەروەری و ئیرادە و بیروباوەڕەوە پەروەردە بکرێت و بەهێز بکرێت.