دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و چارەسەری فریاگوزاری سەرەتایی بە هاووڵاتییان

سەنتەری هەماهەنگیی فریاكەوتنی خێرا (١٢٢) بەشێكە لە بەشەكانی كردە پزیشكییەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر؛ ئەم سەنتەرە بە بەردەوامی بۆ پێشكەشكردنی چارەسەری فریاگوزاریی سەرەتایی، لە كاتی هەبوونی هەر ڕووداوێكی نەخوازراودا، لە خزمەتی هاووڵاتییاندایە.

پزیشك ڕێزان ئەنوەر محەمەد، بەڕێوەبەری بەشی كردە پزیشكییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر زانیاریی زیاتر لەوبارەیەوە دەخاتە ڕوو و دەڵێ: “تیمە تەندروستییەكان لە كاتی پەیوەندیكردن بە هێڵەكەوە، بێبەرانبەر لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبن. پەیوەندییەكان لەلایەن تیمەكانمان لە ژووری كۆنترۆڵ وەڵام دەدرێنەوە و تیمی فریاگوزاری و ئامبوڵانس ئامادە دەكرێن و  بۆ شوێنی دیاریكراو دەردەچن.”

لە ساڵی ٢٠٢٣ هەماهەنگیی زیاتر بۆ فریاكەوتن دەكرێت

گوتیشی: “یەك سەنتەری سەرەكی كۆنتڕۆڵی شاری هەولێر دەكات، بەڵام چەند بنكەیەكی فریاكەوتنی خێرامان لەسەر ڕێگای خانزاد – پیرمام هەن: بنكەی تەندروستیی خانزاد لەسەر ڕێگەی كەسنەزان، بنكەی تەندروستیی فەیزە هادی ئاغا، بنكەیەك لە دەربەندی گۆمەسپان. لە شێراوەش لە ڕێگەی كەركوك بنكەی فریاكەوتنی خێرامان داناوە، لە هەمان كاتیشدا لە پلانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گشتیی هەولێردایە بنكەیەك لە ڕێگەی مەخموور-موسڵ كارا بكات.”

لەبارەی پلانی ساڵی نوێوە دەڵێت: “لە ساڵی ٢٠٢٣ پلانی ئەوە هەیە لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە، سەنتەری هەماهەنگی دروست بكرێت؛ ئەو ژوورە لە بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، فریاگوزاریی سەرەتایی، نەهێشتنی تاوانەكان، پێكدێت، بۆ ئەوەی بتوانێ هەموو ئەو سێكتەرانە لەخۆ بگرێت و لە ژوورێكی كۆنترۆڵكردندا كۆیانبكاتەوە، تاوەكوو هەموویان بەیەكەوە بگەنە شوێنی ڕووداو. لە هەمان كاتیشدا نەخشەی ئەلیكترۆنی و مۆتۆرۆڵا بەكاربخرێت و بخرێتە سەر هەموو ئامبۆڵانس و ئۆتۆمبێلەكان، بۆ ئەوەی زووتر بگەنە شوێنی ڕووداوەكە.”

فریاكەوتنی ٤ هەزار ڕووداو لە ٢٠٢٣دا

“سەنتەری هەماهەنگیی فریاكەوتنی خێرا لە ساڵی ٢٠٢٣ نزیكەی ٤ هەزار حاڵەتی لەناكاو و ڕووداوی تۆمار كردووە کە تیمەكانی خزمەتگوزاری گەیشتوونەتە سەریان؛ بەڵام دەرچوونی بەشەكانی دیكە بۆنموونە گواستنەوەی نەخۆش یان تەرم جیاوازە لە ڕووداوە لەناكاوەكان.”

ڕووداوە باوەكان هاتوچۆ و بەربوونەوە و ئاگركەوتنەوەن

ڕزگار عەبدولرەزاق عەبدولقادر، بەڕێوەبەری سەنتەری هەماهەنگیی فریاكەوتنی خێرا و پزیشكیی فریاكەوتن دەڵێ: “ئەم خزمەتە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی فریاگوزاریی سەرەتاییە بۆ هاووڵاتییان، چ ڕووداوی لەناكاو بێ وەك بەربوونەوە یان هاتوچۆ، یان ئاگركەوتنەوە و ڕووەداوەكانی جەنگ بێت.”

“ڕووداوی جۆراوجۆر هەن؛ ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن زیاتر هاتوچۆ و بەربوونەوە یان ئاگركەوتنەوەن، دۆخی لەناكاوی فشاری خوێن و شەكرە یان پەركەمیش لە ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكان هەن كە فریایان دەكەوین، بۆیە لەم دۆخانەدا تیمەكانی ئێمە ئاگادار دەكرێنەوە و دەگەنە شوێنی ڕووداو.”

“لە سنووری هەولێر ١٠ تیمی شوفێر و كارمەندی تەندروستی هەن، بەڵام ٢٥ ئۆتۆمبێلمان هەن، ڕۆژانە لە كاركردنی بەردەوامدان و بەهیواین كارمەندان زیاتر بكرێن.”

گواستنەوەی تەرم بۆ تەواوی كوردستان بێبەرانبەرە

باس لەوەش دەكات: “پەیوەندی لەگەڵ ئەم هێڵەدا، ساڵ بەساڵ باشتر دەبێت، بۆیە ئێستا خەڵك هۆشیاری ئەوەی زیاتر بووە لەكاتی هەر ڕووداوێك پەیوەندی بەم هێڵەوە بكات، لەلایەكی دیكەوە ئێمە جگە لە كاری خۆمان، كاری ڕاهێنانی ڕاهێنەرانیش دەكەین، بۆنموونە لە قوتابخانە یان زانكۆ یان فەرمانگەی حكومی، بەردەوام خول و سیمیناری فریاگوزاریی سەرەتاییمان هەیە، بۆ ئەوەی هۆشیاری لەسەر ئەم بابەتە هەبێ و خەڵكی دیكەش لەم ڕێگەیەوە شارەزایی پەیدا بكەن و تا تیمەكانی ئێمە دەگەن بە شوێنی مەبەست، هاوكار بن.”

لەبارەی خزمەتگوزاریی گواستنەوە نەخۆش و تەرمیشەوە دەڵێت: “گواستنەوەی نەخۆش و تەرمەكان بێبەرانبەرە و تەنیا بۆ نەخۆشخانە حكومییەكان نییە، بەڵكوو بۆ ئەهلییەكانیش بە هەمان شێوەیە و بۆ دەرەوەی شار و ناوەوەی شار خزمەتگوزارییەكە بەردەستە.”

نزمیی هۆشیاریی هاتوچۆ هاوكاری فریاگوزاری نییە

لەبارەی هۆشیاریی هاتوچۆوە بۆ ڕێگە كردنەوە بۆ ئامبوڵانسەكان، گوتی: “بەداخەوە تا ئێستا ئەم كێشەیە ماوە، زۆرجار ئۆتۆمبێل پێشبڕكێ لەگەڵ ئامبۆڵانس دەكەن، لەبری ئەوەی ڕێگەی بۆ بكەنەوە و بەشداری لە پاراستنی گیانی نەخۆش بكەن، چونكە یەك چركە بۆ ئێمەی فریاگوزار بۆ پاراستنی گیانی نەخۆش گرنگە.”

“هیوادارین هاووڵاتیان لەكاتی هەر ڕووداوێك پەیوەندی بە هێڵەكانی ١٢٢ بكەن بۆ ئەوەی تیمەكان بگەنە شوێنی ڕووداوەكە و بە باشترین خزمەتگوزاریی زانستی چارەسەر فریا بخرێت، ئەگەرنا زیانی زیاتر بە نەخۆشەكە دەگەیەنن؛ بۆیە داوا دەكەین هەركەس شارەزایی لە فریاگوزاریی سەرەتایی نەبێت، دەستكاریی نەخۆشەكە نەكات، تا تیمەكانی فریاكەوتن دەگەنە سەری”.