دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

کونسوڵی ئەمەریکا: 600 هەزار دۆلارمان بۆ زانکۆکانی کوردستان خەرجکردووە

ئێرڤن هیکس کونسوڵی گشتیی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان گوتی: “لە هەرێمی کوردستان 600 هەزار دۆلارمان بۆ بەرەوپێشبردنی تاقیگەکان و لایەنی تەکنیکی زانکۆکان خەرجکردووە، کە لە مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە دەستپێدەکات”.

گوتیشی: “لە ماوەی رابردوودا راهێنانمان بە بەرپرسانی زانکۆکان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ پێشبردنی کەرتی تەکنەلۆژیا لە زانکۆکانیاندا، ئەمەریکا گرنگی بە تەکنەلۆژیا دەدات لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەو گەنجانەی لە زانکۆ دەردەچن وەڵامدەرەوەی بازاڕی کاربن و بتوانن لەگەڵ ئێستادا خۆیان بگونجێنن”.

کونسوڵی ئەمەریکا جەختیکردەوە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی کردنی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.

ئەو گوتانەی کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی رێوڕەسمی راگەیاندنی پڕۆژەی پەروەردە و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا بوو، کە ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوە