سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

872 ملیۆن دینار بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی هەولێر خەرج دەكرێ

ئەمڕۆ دووشەممە 30/1/2023 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر داهاتی شارەوانییەكان بە گوژمەی 872 ملیۆن و 894 هەزار و 750 دینار 18 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر جێبەجێ دەکرێت.

لە ڕاگەیەنداوەکەدا هاتووە: ”پرۆژەكان لە بواری دروستكردن و قیرتاوكردنی شەقام و كۆنكرێتكردن و ئاو و ئاوەڕۆن، جگە لەو پرۆژانە لە داهاتوودا پرۆژەی دیكەش ڕەزامەندییان لەسەر دەدرێت.”

ئەو 18 پرۆژەیە لە شارۆچكەكانی بنەسڵاوە، كەسنەزان، بەحركە، دارەتوو، قوشتەپە، شەمامك، خەبات، كانی قڕژاڵە، شەقڵاوە، دیبەگە و چەند شوێنێكی دیكەی سنووری پارێزگەی هەولێر جێبەجێ دەكرێن.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری جەختی لەوەش کردووەتەوە: ئێستا چەندین پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە لە قۆناغی جێبەجێكردندان و گوژمەی پێویستییان بۆ تەرخان كراوە.