چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

شەپۆلێكی بەفر و باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

به‌ گوێره‌ی پێشبینییه‌كانی كه‌شوهه‌وا، به‌هۆی کاریگەریى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست كه‌ ئێستا ڕووى لە هه‌رێمی كوردستان کردووە، بەفر و باران ناوچه‌ جیاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه و تا ڕۆژى پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.

کاریگەریى نزمە پاڵەپەستۆكه، سەرباری بەفر و باران، بارستە هەوایەکى ساردیشی له‌گه‌ڵ ده‌بێت و لە ڕۆژانى سێشەممە و چوارشەممەدا ئەم بارستە هەوایە كاریگه‌رتر دەبێت و پلەکانى گەرما دادەبەزن.

کەشى پێشبینیکراوى ٤٨ کاتژمێرى داهاتوو

به‌گوێره‌ی پێشبینییه‌كانی كه‌شوهه‌وا، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ئاسمان بە گشتى له ‌نێوان نیمچەهەور و هه‌وری ته‌واودا ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئەگەرى نمە باران لە هەندێ ناوچه‌ و بەفر بارین لە سەر لووتکەى شاخە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان. پله‌كانی گه‌رماش تۆزێك دادەبەزن و خێرایى با بەشێوەیەكی مامناوەند له‌نێوان ١٠  بۆ  ١٥ كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێرێكدا و مه‌ودای بینینیش ٨-١٠ كیلۆمه‌تر ده‌بێت.

له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا ئاسمان هەورى ته‌واو  دەبێت؛ باران بارین لە تەواوى ناوچەکه‌ و  بەفر بارینیش لە ناوچە شاخاوییەکان ده‌ستپێده‌كات. ئاستى دابارین لە دواینیوەڕۆ و ئێوارە‌ زیاتر دەبێت. لە شەویشدا لێزمە بارانی تاوتاو ده‌بارێت. پلەکانی گەرما بۆ ١-٢ پلەی سیلیزی‌ نزم ده‌بێته‌وه و خێرایى با له‌نێوان ١٠-٢٠ كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێرێكدا و مەوداى بینینیش لەنێوان ٧- ٩ كیلۆمه‌تر ده‌بێت و له‌و شوێنانه‌ی باران ده‌بارێت، مه‌ودای بینین‌ بۆ ٥-٧ كیلۆمه‌تر دەبێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ٤٨ كاتژمێری داهاتوودا به‌م شێوه‌یه‌:

-هەولێر :  ١٢ پلە.

-سلێمانی: ١٠ پلە.

-دهۆک:  ١٠ پلە.

-کەرکوک: ١٤ پلە.

-هەڵەبجە:  ١٠ پلە.

-زاخۆ :  ٩ پله‌.

-سۆران :  ٤ پلە.

-گەرمیان: ١٦ پلە.

پێگه‌ی فه‌رمیی حكومه‌ت

٢٩ـی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٣