سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: بۆ نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكانی كوردستان 47 گرێبەست مۆر كراون

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بۆ نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكانی كوردستان 47 گرێبەست مۆر كراون، كه‌ “زۆرترین گرێبەستی شوێنەواریین كە لە ماوەی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بوارەدا مۆر كراون”.  

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (29ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواریی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022، بۆ پەرەپێدانی سێكتەری شوێنەواری و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکانی کوردستان، 47 گرێبەستی لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە بیانییەكانی تایبەت بە بواری شوێنەوار واژوو کردووە و ئەوەش زۆرترین گرێبەستی شوێنەواریین كە لە ماوەی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بوارەدا مۆر كراون؛ پڕۆژەكەش دەیان شوێنەوار لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: 33 گرێبەست، گرێبەستی نوێن و 14ی دیکە نوێکردنەوەی گرێبەستن؛ كە لە میانیاندا پڕۆسەكانی هەڵکۆڵین و رووپێویكردن و چاککردنەوە و پاراستنی ئەو شوێنەوارانە جێبەجێدەكرێن.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، بەپێی دوا ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار، بە گشتی 114 پڕۆژەی شوێنەواری لە  لیستی پرۆژەکانی هەڵکۆڵین و ڕووپێوی و چاککردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواردان و لەو چوارچێوەیەشدا 95 پڕۆژەی شوێنەواری لە لیستی پڕۆژەکانی هەڵکۆڵینی ساڵی 2022دان و لەلایەن زانکۆ و تیمە نێودەوڵەتییەکانی شوێنەوارەوە هەڵکۆڵینیان بۆ دەکرێت، كە زۆربەیان لە هەولێر و سلێمانین.

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێم، رۆژی 23ـی تشرینی یه‌كه‌می 2022، هاوکاریی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی و بەشداریی ژمارەیەك لە شوێنەوارناسانی کوردستان و پەیمانگە و زانکۆکانی ئەوروپا، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەبارەی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەزارەی دووەم لە باشووری کوردستان رێکخست. ئەوەش بە ئامانجی پێشخستنی بواری شوێنەواری و بەكارهێنانی ئەو بوارە وەكوو كایەیەكی فەرهەنگی و كەرتێكی بەشدار لە گەشتوگوزاردا.