راوێژکارێکی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق لە ئێستادا سەرنجی لەسەر جێگیکردنی بەهای دینارە بەرامبەر بە دۆلار.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، فادی شەمەر راوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەکرد، جگە لە جێگیرکردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی بەشێوەیەکی سەردەمییانە و بنیاتنانەوەی هەیکەلی کەرتی تەندروستی و چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە گرنگترین ئەو دۆسیەیانەن حکومەتی عێراق سەرنجی خستوونەتەسەر.
هاوکات هەر ئەمڕۆ، بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رەتیکردەوە، رێگری بکات یان فرۆشتنی پارەی کاش بە هاووڵاتیان سنوورداربکات.
ئاماژەی بەوەشدا، رێکاری تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی دڵنیایی دەدات لەوەی کە پێویستی هاووڵاتی بە دۆلار دابین دەکات و رێگری دەکات لە دووبارە فرۆشتنەوە بە هەمان کەس.
لەماوەی رابردوودا، بەهای دیناری عێراقی ناجێگرییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، بەجۆرێک پێشتر 147 هەزار دیناری عێراقی بەرامبەر بوو بە 100 دۆلاری ئەمەریکی، بەڵام ئێستا 100 دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 164500 دیناری عێراقی مامەڵەی پێوە دەکرێت.