سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین لەگەڵ عوسمان داود ئەلداود کونسوڵی کوەیت لە هەولێر کۆبووەوە و پێکەوە بارودۆخی سیاسیی ناوچەکەیان تاووتوێ کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی کانوونی دووەمی 2013 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە عوسمان داود ئەلداود، کونسوڵی کوەیت لە شاری هەولێر کرد.
ئاماژە بەوەشدرا، لە دیدارەکەدا کونسوڵی کوەیت لە هەولێر سڵاوی ئەمیر و گەل و حکوومەتی کوەیتی بە سەرۆک بارزانی گەیاند و وێڕای جەختکردنەوە لە دۆستایەتی و پەیوەندیی هەردوولا، ستایشی ئارامی و بووژانەوەی هەرێمی کوردستانی کرد و بە نموونەیی وەسف کرد.
بارەگای بارزانی رایگەیاند، هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی کوەیتی بە مێژوویی و قووڵ لەقەڵەمدا و راشیگەیاند، گەلی کوردستان و گەلی کوەیت هەست بەو ئازار و سەختیانە دەکەن کە لە ئەنجامی بیری شۆڤینیەت بەسەر هەردوو گەلدا سەپێندرا.
سەرۆک بارزانی ئەوەشی دووپاتکردەوە کە لەپێناو برایەتی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا پێویستە هزری شۆڤینی و داگیرکاری و خۆسەپاندن لە ناوچەکەماندا کۆتایی بێت.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ تەوەرێکی دیکەی دیداری نێوان سەرۆک بارزانی و عوسمان داود ئەلداود بوو.