دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

حەوتەمین خولی فستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکەی ‘دژ بە تیرۆر’ لە هەولێر ساز دەکرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بڕیارە رێکەوتی ١ـی شوبات، حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر بە بەشداریی ژمارەیەکی فراوان لە وڵاتانی عەرەبی و چوارپارچەی کوردستان بە ئامادەبوونی میوانانی بیانی لە پایتەخت ساز بکرێت.

(پشتیوان عەبدوڵا)، سەرۆکی فیستیڤاڵەکە لە لێدوانێکی بۆ (هەولێر) دەڵێت: ئەگەرچی زۆر لەمپەرمان بۆ دروست کرا و هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی خولێکی تر بەڕێوە نەچێت، بەڵام ئێمە سوور بووین، کە هەر دەبێت لە هەمان ڕێکەوتی دیاریکراودا، کە ساڵانە لە ١ـی شوباتی خوێناوی فیستیڤاڵەکە بەڕێوە بچێت، بەبێ سپۆنسەری و هاوکاری حکومەت، ئێمە بە هاوکارییەکی بچووکی خاوەن هۆتێلێک و چێشتخانەیەک فیستیڤاڵەکەی فیلم ساز دەکەین.
گوتیشی: ئامانجمان نیشاندانی ئەو فیلمانەیە، کە ئیرهابی فکری بڵاو دەکەنەوە و دەمانەوێت لە ڕێگەی فیلمەوە خەڵک لە توندڕەوی دوور بکەینەوە، هاوکات ڕۆژی خوێناوی ١ـی شوبات بیر خەڵک بێنینەوە، کە چەندین کەسایەتی بەرزی ئەو وڵاتە بووە بە قوربانیی دەستی ڕەشی تیرۆر.
لە کۆتایی قسەکانیشدا گوتی: لێژنەیەکی هەڵسەنگاندن دیاری کراوە، کە پێک هاتوون لە (موزنە ئەترەش، عەبدولخالق جەودەت، تەحسین فایەق، محەمەد مەرزانی)، ئەو هونەرمەندانە بەپێی ئەزموونی خۆیان هەڵسەنگاندن بۆ فیلمە بەشدارەکانی فیستیڤاڵەکە دەکەن.