مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی ئەڵمانی، ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری دادگای فیدراڵی هەوڵێکە بۆ تێکدانی دەرفەتی چارەسەرکردنی کێشەکان.
بە گوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە دوا بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵ بۆ ڕێگەگرتن لە ناردنی بەشێک لە شایستە داراییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، هەوڵێکی دیکەی ناڕەوای ئەم دادگایەیە، بۆ تێکدانی ئەو دەرفەتە نوێیەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەو کەشە ئەرێنیەیە کە لە دوا سەردانی شاندی باڵای حکومەت بۆ بەغدا دروست بوو.
مەسرور بارزانی گوتیشی: بەپێی ڕێککەوتنی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و کارنامەی کابینەی نوێی عێراق، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا لە دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی عێراق، هەردوو پڕۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵ و ئەنجومەنی ئیتیحادی دەربچن. چونکە هەنگاو و رەفتارەکانی ئێستای دادگای فیدراڵ، بە داخەوە کێشە دروستکردنە لە بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن و چارەسەركردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.
ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له تۆبياس ليندنهر وهزيرى دهوڵهت له وهزارهتى دهرهوهى ئهڵمانيا و شاندێكى ياوهرى كرد.
لە راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی سەرۆکی حکومەت و شاندە ئەڵمانییەکە، هاتووە، کە وهزيرى دهوڵهت له وهزارهتى دهرهوهى ئهڵمانيا، کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو، ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرد و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێم لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و ئاڵوگۆڕی بارزگانی. هەروەها باسی لەوەش کرد کە بڕیارە شاندێکی باڵای وەبەرهێنەر و خاوەنکار و بازرگانانی ئەڵمانی لە ماوەی داهاتوودا، سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن بە مەبەستی برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە.
لە بەرانبەردا، سەرۆکی حکومەت سوپاسی ئەڵمانیای کرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامی لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆر و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، پێزانینی هەرێمی کوردستانيشی بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا دەربڕی بۆ بەجێنۆساید ناساندنى كۆمهڵكوژيى ئێزدييان.
ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، مەسرور بارزانی هەروەها سوپاسی ئەڵمانیای کرد بۆ پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی لە بواری بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
ئاماژە بەوەشدرا، کە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق مارتن ییگەر ئامادەی بوو.