فرانکلن گراهام، سەرۆکی دەزگای ساماریتان پێرس بە کوردستان24ی راگەیاند، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەند شوێنێکی کەم گرنگی بە پێکەوە ژیان دەدرێت و هیوا دەخوازێت هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر وڵاتانی دراوسێی دروستبکات تاوەکو گرنگی بە پێکەوەژیان بدەن.
فرانکلن گراهام جەختیشیکردەوە، خۆشحاڵە بەوەی هەرێمی کوردستان گرنگی بە پێکەوەژیانی نەتەوە جیاوازەکان دەدات و دەرگا بۆ هەمووان واڵا دەکات.
سەرۆکی دەزگای ساماریتان پێرس لەبارەی پێکەوەژیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان بە نموونە، باسی لەوەکرد، کە چەند شوێنێکی کەم هەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تێیدا گرووپ و نەتەوەی خاوەن بیر و باوەڕی جیاواز پێکەوە بە ئاشتی دەژین.
فرانکلن گراهام ئەوەی خستەڕوو، کە هیواخوازە حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت کاریگەری لەسەر دڵی وڵاتانی دراوسێی و نەتەوەکانی دیکەش دروستبکات بۆ ئەوەی گرنگی بە پێکەوەژیان بدەن.
لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستانەوە، گوتی: خەڵکی لە ناوچەکانی دیکەوە دێن لە هەرێمی کوردستان دەژین، زۆر دڵخۆشم بەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرگای هەرێمەکەی بۆ هەمووان واڵا کردووە.