ڕۆژی پێنجشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو رۆزی کایف کونسوڵی تازەی بەریتانیا لە ھەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی کونسوڵی تازەی بەریتانیا کرد و ھیوای سەرکەوتنی لە کارەکانی بۆ خواست و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کوردستان و بەریتانیا ئەو پەیوەندییانەی بە گرنگ وەسف کرد. هەروەها سەرۆک بارزانی سوپاسی بەریتانیای کرد کە لە شەڕی داعشدا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ھاوکار و پشتیوانی ھێزی پێشمەرگە بووە.
ھەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و پەیوەست بە ھەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە بەرژەوەندیی کوردستان و بابەتی شەرعییەت لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکی حزبیە و پێویستە ئەمساڵ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم بەڕێوەبچن.
ھەنگاوەکانی چاکسازی لەناو ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و پێویستی بەردەوامیی ھەماھەنگیی نێوان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەی تیرۆر تەوەری تری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.