جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا پەیامێکی ئاڕاستەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد و تیایدا رایگەیاند، پێویستە پەلە بکرێت لە قەدەغەکردنی چەک.
لەو پەیامەیدا، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، دیاردەی چەکداری و تەقەکردن بووە بەهەڕەشە لەسەرانسەری ئەمەریکادا و، پێویستە کۆنگرێس پەلە بکات لەوەی یاساییەکی تایبەت بە قەدەغەی چەک بۆ سەرۆک بنێرن تا بە هەموو لایەک بتوانن خەڵکی ئەمەریکا بپارێزن.
ئەم داوایەی بایدن لەکاتێکدایە کە لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا نزیکەی 21 کەس لە ئەمەریکا بەهۆی هێرشە چەکدارییەکانەوە کوژراون.
دوایین هێرشی چەکداریش لە ئەمەریکا، لەلایەن گەنجێک لە ناوچەی یاکیمای ویلایەتی واشنتنەوە ئەنجامدرا، کە تەقەی لە ژمارەیەک کەس کردووە و لەئەنجامدا سێ کەسی کوشتووە.
پۆلیسی ویلایەتی واشنتۆن بڵاویکردەوە، تەقەکەرەکە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دەستڕێژی لە وێستگەیەکی سووتەمەنی کردووە و پاش کوشتنی سێ کەس، خۆشی کوشتووە.
پۆلیس راشیگەیاند، تەقەکەرەکە تەمەنی 21 ساڵ بووە و پیشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی ئەنجامدانی توندوتیژی کردووە.