مافی چارە‌ی خۆنووسین بۆ گە‌لی كورد

عومەر چنگیانی

هەینی ڕابردوو ۱٤٤٤/٦/٢٧ بەرانبەر بە ٢۰/٢۰٢۳/۱ دوانگەی زۆرێک لە مزگەوتەکانی کوردستان تەرخان بوون بۆ باسکردن لە دوو تەوەری زۆر هەستیار و گرنگ: (ئادابی شۆفێری و ئەرکەکانی لە ئیسلامدا و مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی کورد)، گەرچی بابەتی یەکەمیان توێشووی گوتاری ۱٨٤ی من بوو لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجەکوبرا، وەلێ گوڵخەرمانی ئیمڕۆم تایبەت دەکەم بە‌ ناونیشانی دووەم کە دەقە عەرەبییەکەی جەنابی دکتۆر عەبدوڵا شێرکاوەیی نووسیبووی و جەنابی مامۆستا وەزیریش کورداندبووی بۆ سەر زاراوەی سۆرانی و منیش دوای مشتوماڵکردن و وەرگێڕانی ئایەت و فەرموودەکان دەیخەمە قاڵبی نووسینەوە. خودای گەورە لە سیانزەیەمین ئایەتی سوورەتی (حوجورات)دا دەفەرمێت: (ئەی مەردمیەلینە! ئێمە ئیوەمان ئافراندووە و دروست کردووە لە دوو توخمەی نێر و مێ و، کردگمانن بە چەندین گەل و نەتەوە و هۆز و تیرەی لێکجودا تا یەکترویستی و یەکتری قبووڵکردن، لەناوتاندا بڵاو بوێ و تەشەنە بکات و بشزانن لە گشتتان لە پێشتر لای خوا، ئەوانەتانن کە ئەهلی تەقواترن و زۆرتر لەخوا دەترسن). پەیامگەیێنیش دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت لەدوایین گوتاری ماڵاویی لە حەجدا فەرمووی: (ئەی مەردمگەلینە لەوە ئاگادار ون کە پەروەرێنتان یەکە و باواشتان یەک بووگە و هیچ زێدە ڕێز و بەهایەکی کەسێکی عەرەب بەسەر کەسێکی ناعەربدا نییە و ناعەرەبیکیش لە عەرەبێک لە پێشتر نییە، سوورپێست لە ڕەشپێست ئەوبەر نییە و، ڕەشپیستێکیش لە سوورباوێک لە پێشتر نییە؛ کامیان لە خواوە نزیکتر بێ، ئەوەیان ئەوبەرە). ئەوەی لای هەموومان دیارە و شاراوە نیە، لە دینی ئیسلامدا مافی چارەی خۆنووسینی هەموو گەلان لە بنەما سەرەکیەکانی هەر گەل و میڵەتێکە و مافێکی سەرەتاییە لەسەر بنەمای یەکسانیی هەموو گەلان. هەروەها یەکێکە لە مافەکانی مرۆڤ کە شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام دایمەزراندوە لەسەر دوو بنەما؛ دادپەروەری و راوێژ (شورا)، ئەم مافەش سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەرمان صلى اڵه عليه وسلم ئامانجی سەرەکی ئیسلام ئازادی مرۆڤەکانە لەژێر زڵم و زەبروزەنگی کەسانی تر و بەهەموو شێوەیەک ژێردەستەکردنی گەلێک بۆ گەلێکی تر ڕەتدەکاتەوە ، هەر بۆیە لەئیسلامدا داگیرکاری و دیکتاتۆریەت ڕەتدەکرێتەوە، خودای گەورە بەچاوی یەکسانیەوە سەیری هەموو مرۆڤایەتی دەکات
و فەزڵی هیچ گەلێکی بەسەر گەلێکی تر نەداوە. میڵەتی کوردیش لە دێرزەمانەوە تێکۆشاوە بۆ مافی چارەی خۆنووسین و لەم پێناوەشدا تووشی چەرمەسەری و زڵمێکی زۆر بۆتەوە لەلایەن دژمنەکانیەوە؛ کورد یەکێکە لەو گەلانەی کە لەسەر خاکی خۆیشی دەردی نامۆیی دەچێژێ، بەداخەوە تا ئێستاش دەیان میڵەتی تر، دژی کورد و مافی چارەی خۆنووسینی کوردن، لەکاتێک ئەم مافە خودا بڕیاری داوە بۆ هەموو گەلێک و هیچ کەسێک بۆی نیە ئەم مافە زەوت بکات.
بنەما سەرەکیەکانی مافی چارەی خۆنووسین لە دیارترین و گرنگترینی بنەما شەرعیەکانی مافی چارەی خۆنووسین لە ئیسلامدا ئەمانەن:
یەکەم/ باوەڕ بە خودای گەورە و ملکەچبوونی تەواو بۆ شەریعەتی خوا لە بنەما سەرەکیەکانی مافی چارەی خۆنووسینە بۆ ئەوەی نموونەی فیرعەون و قاروون جارێکی تر دووبارە نەبێتە.
دووەم/ هەروەک مافی چارەی خۆنووسین لەلایەن دانای و دادپەروەریی خوای گەورە مانای ئەوە نیە بڕیاری بێدەنگی و ملکەچی و دەستەوسانی بدرێت بەرامبەر بە گەلانی تر، بەڵکو ئیمان و ملکەچی، پارێزەری ئەو مافە مەزنەن و دەبێ بسڵمان لە پێناویدا کۆشش بکا؛ حیکمەت لە دروستبوونی زمان و ڕەنگی جیاجیا بۆ یەکترناسین و تێکەڵ بونە نەک کوشتن و داپلۆسینی یەکتری.
سێهەم/ لە ئامانجە دیارەکانی ئیسلام ئازادی مرۆڤەکانە لە ژێردەستەی و زۆڵم و زۆردای و دابينكردنى دادپەروەریە لەنێوانیاندا، هەروەک ئازادی بەخشیوە بە مرۆڤ تەنانەت سەرپشکی کردوە لە باوەڕهێنان بەوپەری ویستی خۆی و نایهەوێ زۆری لێ بکا.
ئەرکی ئێمە لە جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنووسیندا:
یەکەم/ واجبە کە بزانین هیچ دەقێکی شەرعی نیە دژی بەدەوڵەتبوونی کورد بێ، بەڵکو مافی خۆیەتی وەک هەر گەلێکی تر خاوەنی ئاڵا و وڵات و ناسنامەی سەربەخۆی خۆی بێ.
دووەم/ ئەرکی هەموانە کە بزاین ئەم مافە شەریعەتی ئیسلام بڕیاریداوە و سروش فێری یەکدەنگیمان دەکاو فێرمان دەکا خۆمان
دوربگرین لە دووبەرەکی.

ھەواڵی زیاتر