لە دوای کێشە و قەیرانەکانی سووریا و سەرهەڵدانی شەڕی داعش لە عێراق و سووریادا، هەرێمی کوردستان بووە پەناگەی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە و پەنابەر. بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٢، ڕێژەی ئاوارەكان بەگشتی لە هەرێمی كوردستان، نزیكەی ٦٦٥ هەزار و ڕێژەی پەنابەرانیش زیاتر لە ٢٤٨ هەزار كەس بووە، ئەمەش دەریدەخات كە زیاتر لە ٩١٣ هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستاندا دەژین.
ژمارەی ئاوارەکان لە هەرێمی كوردستان
بەپێی ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، ڕێژەی ئاوارەكان بە گشتی لە هەرێمی كوردستان، ٦٦٤ هەزار و ٧٩٨ كەس بووە و ژمارەی ئاوارەكانی ناو كەمپ، كە ١٧٤ هەزار و ٧٠٦ كەس بووە، ١٠٢ كەسیان گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی ئاوارەی نوێ یان دووبارە هاتوو بۆ ناو كەمپ ٢٣٠ كەس و ڕێژەی ئاوارەكان لە دەرەوەی كەمپیش ٤٩٠ هەزار و ٩٢ كەس بووە.
هەرێمی كوردستان زیاتر لە ٢٤٨ هەزار پەنابەری لەخۆگرتووە
ڕێژەی پەنابەران بەگشتی لەهەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ڕابردوو ٢٤٨ هەزار و ٤٣٤ كەس بووە، لەم ڕێژەیەش ٩٣ هەزار و ٩٦٦ كەسیان پەنابەری ناو كەمپەكان بوون و دەرەوەی كەمپەكانیش ١٥٤ هەزار و ٤٦٨ پەنابەر بووە، هەروەها ڕێژەی پەنابەرە گەڕاوەكان بۆ شوێنی خۆیان ٣٧٦ كەس بووە و ڕێژەی پەنابەرانی نوێ یان دووبارە هاتوو بۆ ناو كەمپیش ٤٨٢ كەس بووە.
هەرێمی كوردستان وەكو ناوچەیەكی ئارام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە چەندین ساڵی ڕابردوودا پێگەیەكی گرنگی مرۆیی و جیهانی لەڕووی پێشوازیكردن و ڕێزگرتن لە پەنابەران و ئاوارەكان تۆمار كردووە و لەلایەن دەوڵەتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە بەرز نرخێنراوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣