سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نرخی نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 87 دۆلار دابەزی و زێڕ بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان بۆ نزیکەی 87 دۆلار دابەزی و نرخی زێڕیش بەرزبووەوە. 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا کە بە بازاڕەکانی ئاسیا دەستپێدەکات، نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 46 سەنت دابەزی و بە 87 دۆلار و 17 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 40 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

سەرەڕای دابەزینی ئەمڕۆی نرخەکان، بەڵام نرخی نەوت توانیویەتی بەرگری لە ئاستە بەرزەکانی هەفتەی رابردووی خۆی بکات.

هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 2.8٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 1.8٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

شارەزایانی بانکی ئوسترالیی نیوزلاندی رایانگەیاند، ” لە دوای ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی هاتووچۆ لە چین، جموجۆڵی و هاتووچۆی خەڵک لە چین بە رێژەی 22٪ زیادیکردووە، ئەوەش گەشبینی دروستکردووە کە خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوت بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە.”

فاتح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاندووە کە بازاڕی وزە دەتوانێت تووند ببێتەوە، نرخەکان بەرزببنەوە ئەگەر ئابووریی چین بەو شێوازەی کە بازاڕی پێشبینی دەکات بەرەو بووژانەوە بڕوات.

نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 1928 دۆلار بەرزبووە 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرێژەیەکی کەم بەرزبووەوە و پارێزگاری لە بەرزترین ئاستەکانی خۆی لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا کرد.

کۆتایی ئەم هەفتەیە ئامارەکانی ئابووریی ئەمریکا بڵاودەبێتەوە، بازرگانانی زێڕ چاوەڕوانی ئەو داتایانە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن کە ئایا ئابووریی ئەمریکا لەمساڵدا بە فەرمی دەڕواتە ناو قۆناخی سستبوونەوە یان هەر بە بەهێزی دەمێنێتەوە.

ئێستا هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەتەوە و بە 1928 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و بە 1930 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

یەکەم رۆژی ئەم هەفتەیە لە چەندین وڵاتی ئاساییی بەتایبەتی چین، پشووی سەری ساڵە و بەو بۆنەیەوە قەبارەی مامەڵەکان کەمن و لەبەرئەوەش چاوەڕوان ناکرێت گۆڕانکاریی زۆرگەورە لە بازاڕی زێڕ رووبدات.

لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا، نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بەوپێیەی کە بە سامانێکی سەلامەت هەژماردەکرێت.