سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سه‌عدی پیره‌: پارتی و یه‌كێتی له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا په‌یوه‌ندییه‌كانیان ئاسایی ده‌كه‌نه‌وه‌

سه‌عدی پیره‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام پارتی و یه‌كێتی له‌ په‌یوه‌ندیدان و له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا په‌یوه‌ندییه‌كانیان ئاسایی ده‌كه‌نه‌وه‌. له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، “به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ڵبراژدنه‌كان ده‌كرێن”.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (22ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، سه‌عدی پیره‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا و چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسانی دایه‌وه‌.

له‌باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی، كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ به‌رپرسانی هه‌ردوو حزب ئاماده‌یی خۆیان بۆ كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی نیشانداوه‌، سه‌عدی پیره‌ رایگه‌یاند، “پارتی و یه‌كێتی له‌ په‌یوه‌ندیدان و هه‌وڵده‌ده‌ن په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئاساییبكه‌نه‌وه‌ و له‌ راستیدا په‌یوه‌ندییه‌كانیان ئاسایین، چونكه‌ پارتی و یه‌كێتی دوو رێكخراوی جیاوازن  و له‌ سیسته‌مێكی فیدراڵی فره‌ حزبیدا كارده‌كه‌ن و له‌نێو ئه‌و سیسته‌مه‌دا بۆچوونی جیاواز هه‌ر ده‌بێت، ئه‌گه‌ر نا، ده‌بوونه‌ یه‌ك حزب.”

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌ پێویستی ده‌زانێت‌ كێبڕكێی سیاسی له‌ دوژمنایه‌تی جیابكرێته‌وه‌، چونكه‌ وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێت، یه‌كێتی و پارتی دوژمنی یه‌كتر نین، به‌ڵكو ركابه‌ری سیاسی یه‌كدین. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “ده‌مانه‌وێت وه‌كو یه‌كێتی به‌ به‌رنامه‌ی خۆمان سه‌رنجی زۆرترین ده‌نگده‌ر رابكێشین، پارتیش به‌هه‌مان شێوه‌، ره‌نگه‌ كێشه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ بێت، ره‌نگه‌ به‌رژوه‌وه‌ندی و ده‌سه‌ڵاتیش رۆڵی سه‌ره‌كی ببینێت، به‌ڵام به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتووی مه‌كته‌ب سیاسیدا پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به‌و رێككه‌وتنامه‌ سیاسییه‌كانه‌دا بكه‌ین كه‌ كردوومانه‌ و، ئه‌گه‌ر پێویست بكات رێككه‌وتنامه‌ی نوێ ئاماده‌ ده‌كه‌ین”    

تێوه‌گلانی پێكهاته‌كان له‌ كێشه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتیدا یه‌كێكی دیكه‌ بوو له‌و ته‌وه‌رانه‌ی سه‌عدی پیره‌ قسه‌ی له‌سه‌ر كرد و رایگه‌یاند، “پێكهاته‌ی توركمان و مه‌سیحی پێویسته‌ نوێنه‌ری پێكهاته‌كانی توركمان و مه‌سیحییه‌كان بن، نه‌ نوێنه‌ری پارتی و نه‌ نوێنه‌ری یه‌كێتی بن، ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتیش كێشه‌یان هه‌بێت، نابێت ئه‌وان ببنه‌ به‌شێك له‌و  كێشانه‌، هه‌روه‌كو چۆن له‌ كاتی شه‌ڕی ناوخۆ بێ لایه‌ن بوون، پێویسته‌ له‌كاتی ئاشتیشدا بێ لایه‌ن بن”

له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، ناوبراو راگه‌یاند، “ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌یاناممه‌كان له‌لایه‌ن پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌ كارێكی ئاساییه‌، ئێمه‌ دوژمنی یه‌كتر نین، ئێمه‌ ركابه‌ڕی یه‌كترین، جاری وا هه‌یه‌ ره‌خنه‌ی تووند له‌ یه‌كتر ده‌گرین، جاری واش هه‌یه‌ ره‌خنه‌ی خاوتر له‌یه‌كتر ده‌گرین”.

زیاتر گوتی، “به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیدا هه‌بووه‌، ئیشمان ئه‌وه‌یه‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بپارێزین، سیسته‌می سیاسی بپارێزین، كێشه‌ی هاووڵاتییان چاره‌سه‌ربكه‌ین، هه‌ڵی كار بۆ گه‌نجان بڕه‌خسێنین و رێگری له‌ كۆچكردنیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكه‌ین و خه‌ونه‌كانیان جێبه‌جێبكه‌ین”.