ئازاد ئەکرەم بەھرام، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: سبەی، سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە، ئەو کۆبوونەوە، کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری دەبێت لەبارەی ھەمواریی یاسای ھەڵبژاردن و چۆنییەتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن. دەشڵێ: ھیچ وڵاتێک وەکو ھەرێمی کوردستان گرنگی بە پێکهاتەکانی نەداوە، داوا دەکەین کورسیی پێکهاتەکان زیاد بکرێت، نەک کەم.
ڕۆژی ٦-١١-٢٠٢٢، تەمەنی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی ھات، بەڵامڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢، پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، کە لە سێ ماددە و ھۆکارەکانی دەرچوواندنی پێکهاتبوو بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار پەسند کرا.
- کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان بۆچییە؟
- سبەی، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە، ئەو کۆبوونەوە، کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری دەبێت لەبارەی ھەمواریی یاسای ھەڵبژاردن و چۆنیەتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک فراکسیۆنەکان لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کارا کردنەوەی کۆمیسیۆن، ڕای خۆیان دەڵێن.
- تا چەند پێویستە ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت؟
- ئەگەر ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت بۆ ناوبانگی ھەرێمی کوردستان زۆر باش دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت ھەر چی زووە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کاتێک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دیاری بکات، لایەنەکانیش ھەر چی زووە لەسەر ئەو کێشانەی ھەنڕێک بکەون، بۆ ئەوەی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت و چی دیکە دوانەخرێت.
- بۆچی ھەندێک لایەن داوای ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن دەکەن؟
- یاسای ھەڵبژاردن ھەیە، پێویست بە ھەموار کردنەوە ناکات، ئەو لایەنانەی داوای ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن دەکەن بە دوای بیانۆدا دەگەڕێن، تەنها پێویستە کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە، ئەگەر یاساکەش ھەموار کرایەوە، پێویستە بەڕێککەوتنی ھەموو لایەنەکان و پێکهاتەکان بێت، ئەو کاتە گلەییمان نابێت.
*لە ھەرێمی کوردستان گرنگی بە پێکهاتەکان دراوە؟
- لە ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە پێکهاتەکان دراوە، پێکهاتەکان پلە و پۆستیان پێ دراوە، ھەموو مافێکیان پێ داوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ھیچ وڵاتێک وەکو ھەرێمی کوردستان گرنگی بە پێکهاتەکانی نەداوە، دەبێت لەوەش زیاتر گرنگی بە پێکهاتەکان بدرێت، نەک وەکو ئێستەکە پێکهاتەکان بۆ ھەندێک لایەن بوونەتە کێشە و داوا دەکەن کورسی پێکھاتەکان کەم بکرێتەوە، ئەوەش پێچەوانەی ئەو پێکەوە ژیانەیە کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە. لەگەڵ ئەوەی پێکھاتەکان تا ئێستە نەبوونەتە کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان ئەگەر پێکهاتەکان لەگەڵ لایەنێک هاوپەیمانی بکەن، ئەوە بەو مانایە دێت کە ئەو لایەنە گرنگی بە پێکهاتەکان دەدات، داوای پاراستنی مافی ئەوان دەکات. بەڵام ئەگەر لایەنێک گرنگی پێ نەدات، پێکهاتەکانیش لەگەڵ ڕێک ناکەون.
- لەگەڵ ئەوەن دەستکاری کورسیی پێکهاتەکان بکرێت، یان ھەڵبژاردن ببێتە چەند بازنەیەک؟
- پێکهاتەکان بۆ کورسیی کۆتاییان پێ دراوە؟ چونکە ژمارەیان کەمە، ئەگەر دەستکاری کورسیی کۆتاکان کرا، شتێک نامێنێت بەناوی پێکەوەژیان، چونکە ئەو کاتە پێکهاتەکان ناگەنە پەرلەمان. بۆ قەوارەی ھەرێمی کوردستانیش زۆر باش دەبێت ئەگەر ھەڵبژاردنیەک بازنەیی بێت، پێویستە لەو قۆناغەدا ھەڵبژاردنیەک بازنەیی بێت، چونکە ھێشتا نەبووینەتە دەوڵەت. لە عێراقڕاستە ھەڵبژاردن چەند بازنەیەک بوو، بەڵام بۆ پێکهاتەکان ھەریەک بازنە بوو، ئەوەش لەبەر ئەوە بوو پێکهاتەکان دەنگدەریان کەمە، بۆیە داوا دەکەین کورسیی پێکهاتەکان زیاد بکرێت، نەک کەم.