ناوەندی ستراتیژی بۆ مافی مرۆڤ هۆشداری لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دەدات و رایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار رێژەی بێکاری و هەژاری زیاد کردووە.
ناوەندی ستراتیژی بۆ مافی مرۆڤ لە عێراق هۆشداری دا لە مەترسیی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی.
حازم ردێنی، جێگری سەرۆکی ناوەندەکە رایگەیاند: “دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بووە هۆی زیادبوونی رێژەی بێکاری و راوەستانی زۆرێک لە پڕۆژە تایبەتەکان، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستە خاوەکان و زیادبوونی رێژەی هەژاری لە ئاکامی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خۆراک”.
ردێنی داوای لە حکومەتی عێراق کرد، کە پێویستە هەنگاوی خێرا بگرێتە بەر بۆ پاراستنی بەهای دیناری عێراقی و سەپاندنی نرخی دیاریکراو، بەسەر خۆراکە سەرەکییەکان و کارکردن لەسەر پاڵپشتیکردنی هەردوو کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی.