سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی فه‌ره‌نسا ده‌كات

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا سه‌ردانی پاریس ده‌كات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (21ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی عێراق بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، هه‌فته‌ی داهاتوو محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌سه‌ر داوای ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات.

به‌گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، هه‌ردوو وڵات ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كان پته‌وتر بكه‌ن و فه‌ره‌نساش ده‌یه‌وێت كار بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق بكات و هاوكاری حكومه‌تی عێراق بكات له‌ شه‌ڕی دژ به‌ گه‌نده‌ڵی و دووباره‌ بونیادنانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ خاپووركراون.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (15ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، هیچ كاتێك بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق دیارینه‌كراوه‌ و عێراق پێویستی به‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌یه‌ بۆ له‌ناوبردنی یه‌كجاری داعش.