هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ چه‌ند خاونكارێكی جیهانی له‌ داڤۆس پلانی فراوانكردنی هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان تاوتوێده‌كات

 

سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان، دوێنێ سێشەممە لە سویسرا رایگەیاند، بڕیارە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانەکانی لە زۆربه‌ی سێكته‌ره‌كاندا هەمەچەشن بکات، لەوانەش فراوانکردنی هەناردەکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانی بۆ دەرەوەی وڵات.

مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی (داڤۆس 2023) لە سویسرا نووسیویەتی، “سوورم له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی رێگه‌ نوێیه‌ بازرگانییه‌كان، هه‌نارده‌كردن و وه‌به‌رهێنان لە بوارەکانی دیکەدا، وەک بانکی، وزە و تەکنەلۆژیای دارایی”.

لەماوەی رابردوودا حكومه‌تی هەرێمی کوردستان، به‌رهه‌می هەناری هەناردەی ژمارەیەک وڵاتی کەنداو، لەوانە سعوودیە، عومان، بەحرەین و ئیمارات کرد، جه‌ختی له‌سه‌ر ئاماده‌كاری بۆ هه‌نارده‌كردنی چه‌ندین به‌رهه‌می ناوخۆیی دیكه‌ كرد، له‌وانه‌ ترێ و هه‌نگوین و چه‌ند به‌رهه‌مێكی دیكه‌.

لە پەراوێزی كۆڕبه‌ندی داڤۆسدا کە ماوەی پێنج ڕۆژ دەخایەنێت، مه‌سرور بارزانی رۆژی سێشەممە (17ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوه‌نكارانی جیهانی کۆبووەوە، لەوانە یوسف عەلی، بەڕێوەبەری جێبه‌جێكاری کۆمپانیای لولو گرووپی نێودەوڵەتی هێندستان کە بنکەکەی لە وڵاتی ئیماراته‌، هانی وه‌یس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ماجد ئەلفوته‌یم كه‌ خاوه‌نی چه‌ندین زنجیره‌ هایپه‌رماڕكێته‌ له‌ وڵاتانی جیهاندا، هه‌روه‌ها مه‌حه‌ممه‌د ئه‌لسوه‌یدی، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌كاری كۆمپانیاكانی (ADQ)ـی ئیماراتی.

پڕۆژەی به‌ بازاڕكردن و هەناردەکردنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان بۆ بازاڕه‌كانی جیهان، بەشێکە لە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووریی كه‌ وابەستەیه‌ بە داهاتی نەوتی هەرێم، هەروەها فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهاندا.

پێشتریش سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو، کە هەرێمی كوردستان توانای ئەوەی هەیە وەک “سەبەتەی خۆراک”ی عێراق و هەرێم پێداویستییه‌كانی بازاڕ دابینبكات.