یەكەمین ئافرەت وەک سەرۆكی شارەوانیی قەزای ناوەندیی سۆران دەستبەكار بوو

دوای دەرچوونی فەرمانی دەستبەکاربوونی، بۆ یەكەمین جار ئافرەتێك وەك سەرۆكی شارەوانیی قەزای ناوەندیی سۆران دەستی بە كارەكانی كرد.

هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕاگەیاند: ”دوای دەرچوونی فەرمانگی گۆڕانكاری بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و جێگری سەرپەرشتیار و قایمقامی قەزای ناوەندیی سۆران و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی سۆران و بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێی شارەوانیی قەزای ناوەندیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە هۆڵی گەنجینەی سۆران بەڕێوە چوو”.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران ئاماژەی بەوە دا: گۆڕینی سیستەمی كاركردن لە شارەوانی و شێوازی خزمەتكردنمان بە هاوشارییان لە ئەركی سەرەكیمان دەبێت، بە جۆرێك كە بۆ ئەمساڵ بتوانین كێشە كەڵەكەبووەكانی زەویوزار و موڵكەكان بەگشتی چارەسەر بكەین. ئەم ئەركە پیرۆزەش لەلایەن كارمەندانی شارەوانی بە شێوەی تیم وۆرك بە ئامانج دەگات و ئیدارەی سۆرانیش پاڵشتی ڕاستەوخۆی ئەم پڕۆسەیە دەبێت”.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سوپاس و دەستخۆشیی ئیدارەی سۆرانی پێشكەش بە سەرۆكی پێشووی شارەوانی، كاوە نەجم كرد، هاوكات فەرمانی دەستبەكاربوونی سەرۆكی شارەوانیی نوێی قەزای ناوەندیی سۆرانی ڕادەستی ئەندازیار سەلوا شۆڕۆ كرد، ئەوەش یەكەم ئافرەتە كە وەك سەرۆكی شارەوانیی قەزاكە دەستبەكار دەبێت.