ھیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھەر کێشەیەک لەسنووری سلێمانی ڕووبدات یەکێتی بە دەستێوەردانی حیزبی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بێ ئەوەی لێبگەڕێت حکوومەت کارەکانی خۆی بکات. دەشڵێ: پەیامەکەی سەرۆک حکوومەت کۆمەڵێک خاڵی گرنگی تێدایە، ئەگەر بە ویژدانەوە تەماشا بکەین ئەو پڕۆژانەی لە سنووری سلێمانی، گەرمیان و ڕاپەڕین ئەنجام دراون ئەوە دەردەخات کە سەرۆکی حکوومەت بەیەک چاو سەیری ھەموو کوردستان دەکات.
- چۆن دەڕوانە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەت؟
- پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەت، پەیامێکی روون و ئاشکرایە، ھەم باسی ڕێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکان دەکات بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، ھەم باسی ڕوانگە و بەرنامەی حکوومەت و تێڕوانینی خۆشی دەکات، بۆ ئیدارەدانی حکوومەت و وڵات. بەڕاشکاوانە باس لە کێشەکان دەکات، ھەموومان دەزانین ماوەیەکە کۆمەڵێک کێشەوگرفت ھەن، سەرۆکی حکوومەت زۆر بەڕوونی پەنجەی خستۆتە سەر کێشەکان. پەیامەکە کۆمەڵێک خاڵی گرنگی تێدایە. سەرۆکی حکوومەت لەبەرپرسیارەتی هەڵنایەت، ھەرچۆن باس لەخستنەڕووی کێشەکان دەکات، ڕێگەچارەشیان بۆ دەستنیشاندەکات. بۆیە، پێموایە پەیامێکی زۆر ڕوونە، بۆ خەڵکی کوردستان، بۆ ھێزو لایەنە سیاسییەکان دیار بوو کە کێ لە پشتەوەی ئەو کێشانەیە کە لە سلێمانی ھەن.
- سەرۆکی حکوومەت دەڵێ: بەیەک چاو سەیری ھەموو کوردستان دەکەم، ئەوە تا چەند لە حکوومەتدا ڕەنگی داوەتەوە؟
- لە سەرەتایی دەستبەکاربوونی ئەو کابینەیە ئەوە لای پارتی پڕەنسیب و ستراتیژ بوو، پارتی دەیەوێت حکوومەتی ھەرێم، حکوومەتی ھەموو خەڵکی کوردستان بێت، ئەگەر بە ویژدانەوەبڕوانینە ئەو پڕۆژانەی لە سنووری سلێمانی، گەرمیان و ڕاپەڕین کراون، ئەوە دەردەخات کە سەرۆکی حکوومەت بەیەک چاو سەیری ھەموو کوردستان دەکات.
- کەواتە بۆچی یەکێتی ڕێگرە و کۆسبدەخاتە بەردەم کارەکانی حکوومەت؟
- ھەر کێشەیەک ڕووبدات یەکێتی بە دەستێوەردانی حیزبی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بێ ئەوەی لێ بگەڕێ حکوومەت کارەکانی خۆی بکات. بۆ ئەوەش ھۆکارەکان زۆرن، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کێشە ناوخۆیەکانی یەکێتی، کە دەیانەوێت خۆیان لێ بدزنەوەو فۆکسی خەڵک بخەنە سەر کێشەکانی حکوومەت. دووەم ھەر ئەوان بوون باسیان لەوە دەکرد کە دەبێت دەستەڵات شۆڕ بکرێتەوە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆییەکان، باسیان لەوە دەکرد داهاتی سلێمانی ئەوەندە زۆرە کە ئەوان دەتوانن بە داهاتی سلێمانی ئیدارەی ھەولێر و دھۆک بکەن؛ سەرۆکی حکوومەت پێشنیازی ئەوانی جێبەجێکرد،.کەچی ئێستا دەڵێن داهاتی سلێمانی کەمی کردووە، حکوومەت ئابلۆقەی خستۆتە سەر سلێمانی. تۆمارە دەنگییەکەی مەلا بەختیار ھەموو شتێکی ڕوون کردەوە کە چۆن باسی داهاتی ئەو سنوورە دەکات و چۆن بەسەر خۆیاندا دابەشدەکەن. نابێت حیزب لە ناو حکوومەت بێت و ئۆپۆزسیۆن بێت. یەکێتی پارەی سنووری سلێمانی و دەروازەکان بۆ خۆی دەبات و لێ ناگەڕێت بگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت.
- بۆچی یەکێتی بەرگری لە کاری تیرۆریستی دەکات؟
- ئەو پرسیارە دەبێت لە خۆیان بکرێت، ئەوان ھەم غەدر لە خۆیان دەکەن، ھەم لەیاسا، هەمیش لە خەڵکی کوردستان؛ چونکە بە نوێژی نیوەڕۆ کارێکی تیرۆریستی لە پایتەختی ھەرێمی کوردستان کراوە. دەزگا فەرمییەکان بەدواداچوونیان کرد بۆ خەڵکی کوردستان ڕوون بوویەوە کە کێ ئەو کارەی کردووە. یەکێتی بەو هەڵوێستەیان غەدر لەخۆیان دەکەن..با لێبگەڕێن یاسا کاری خۆی بکات، کێ تۆمەتبارە، ئەگەر تاوانەکە لەسەریان ڕاست بوویەوە دەبێت سزا بدرێن؛ ئەگەرنا بۆ ھەموو خەڵک ئاشکرا دەبێت کەڕووداوەکە چۆن بووەو کێ جێبەجێیکردووە.
- یەکێتی بۆ لە ھەڵبژاردن دەترسێت؟
- ئەوان بڕوایان بە پێگەی جەماوەری خۆیان نییە، متمانەیان بە خەڵکی خۆیان نەماوە، دەزانن ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت ئەو پێگەی ئێستە ھەیانە ئەوەش لە دەست دەدەن، بۆیە بەردەوام ھەوڵدەدەن کێشە بۆ ھەڵبژاردن دروست بکەن و لایەنی کەم دوا بخەن.
- کاریگەری پەیامەکەی مەسرور بارزانی لەسەر رەوشی ئەمنی ھەرێمی کوردستان چ دەبێت؟
- کاریگەری ئەرێنی دەبێت، چونکە ئێستە بەرچاوی خەڵک ڕوون بوو کێشەکان چین، کێ ئاستەنگە لەبەردەم کارەکانی حکوومەت. سەرۆکی حکوومەت لە پەیامەکەی چارەیداناوە، پێشنیازیشی کردووە. سەرۆکی حکوومەت ئەو پەیامەی کە بڵاوکردۆتەوە پەیامی چارەکردنی کێشەکانە، ئەگەر دەتانەوێت کێشەکان چارە بکەن و خەڵکی کوردستان لەژیانێکی خۆشدا بژیت، فەرموون. بەڵام یەکێتی نایەوێت یەکدەنگی و یەک ڕەنگی لەکوردستان هەبێت.