ھە‌ڕە‌شە‌كانی سە‌ر ھە‌ولێر و،پاراستنی دە‌سكە‌وتی كوردستان

شەماڵ موكریانی

ڕابرت ئۆڵسن لە كتێبی “پرسی كورد و پەیوەندییەكانی ئێران و توركیا”دا باسی هاوپەیمانیەتیی ئەو دوو وڵاتە دەكات لەسەر مەسەلەی كورد و دەسكەوتەكانی كوردستان. ئەو دوو وڵاتەی دراوسێی هەرێمی كوردستان هەزاران كێشە و ناكۆكییشیان هەبێت، لەسەر پرسی كورد كە بۆ ئەوان وەكوو هەڕەشەیەكی گەورە وایە، هاوپەیمانن و لەو كاتانەدا كە كورد لە دەسكەوتەكانی نزیك دەبێتەوە، ناكۆكییەكانیان بەلاوە دەنێن. توركیا لە سایەی پەكەكەوە هەمیشە بیانووی ئەوەی بۆ ڕەخساوە كە دەستدرێژی بكاتە سەر خاكی هەرێمی كوردستان و پەكەكەش خواهەڵناگرێ بەردەوام توركیا دنە دەدات و لەكاتی هێرشەكانیشیدا قۆناغ بە قۆناغ بەرەو نێو هەرێمی كوردستان لەبەری هەڵدێ، بۆ ئەوەی سوپای تورك بەو بیانووەوە بەشوێنیدا بێتە نێو قووڵایی هەرێمی كوردستان. ئاخر پەكەكە ئەوەی لە توركیا بیستووە كە لە كوێ خوێنی سەربازێكمان بڕژێ، لەوێ ناكشێینەوە و بە خاكی خۆمانی دەزانین.
بە گشتی، لەوەتەی ئەم قەوارەیەی هەرێمی كوردستان وەكوو
دەسكەوتی سەدەیەك خەبات و تێكۆشان بەرهەم هاتووە و دامەزراوە، نەیارانی كورد و كوردستان لە هیچ پیلان و پلانێك بۆ تێكدان و مایەپووچكردنی دەستیان نەپاراستووە. لەلایەك بە بیانووی هەبوونی هێزە دژبەرەكانیان لە خاكی هەرێمدا مووشەكبارانمان دەكەن و لەلایەكی دیكەوە پۆل پۆل خوێنەوارانی ئەم هەرێمە دەبەن بۆ ڕاهێنانی بەناو ڕۆژنامەنووسی كە لە ڕاستیدا ڕاهێنانیانە بۆ شەڕی نەرمی میدیایی دژی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی كوردی و لەلایەكی دیكەشەوە، لە ململانێی جیهانیشدا هەر پەلاماری دیوارە كورتەكەی هەرێم دەدەن و وەختێك ئەورووپا پشت لە سووتەمەنی و گازی ڕووسییە و هێندێ وڵاتی دیكە دەكات و دەیەوێ گازی عێراق بكاتە جێگرەوەی ئەو وزە بایكۆتكراوە، ئەوان مووشەكەكانیان لە وێستگەكانی هەرێمی كوردستان دەگرن و لە هەرێمی كوردستانەوە هەڕەشە لە زلهێزەكان دەكەن. ئیتر ئەو كێشە و گرفتانەش كە لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستانی دایاندەڕێژن، بەشێكی دیكەن لە گرفتەكان، وەك ئەو شەڕانەی بەتایبەتی لە ٢٠١٢ەوە وردە وردە بە ئاشكرا دەركەوتوون، هەر لە بڕینی بوودجەی هەرێمەوە تا پێنەدانی چەك و تەقەمەنیی هاوپەیمانان لەسەردەمی شەڕی داعش و دواتر هێرشكردنە سەر كوردستان لە شازدەی ئۆكتۆبەردا و، ئەوجار شەڕانشۆیی و كێشەخوڵقێنییەكانی دادگای بەناو فیدڕاڵی.
ئەوەی گرینگە ئەوەیە، هەرێمی كوردستان ئێستا بووەتە
واقیعێكی ناوچەیی و جیهانی. ئاوەدانیی ڕوولەگەشەی هەرێم و خزمەتگوزاریی بێ ڕاوەستان تەنانەت لە لووتكەی قەیرانە ناوچەیی و جیهانییەكانیشدا، دڵی هەموو نیشتمانپەرەورێكیان خۆش كردووە. بەڵام بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان، پێویستمان بە یەكدەنگی و یەكگرتوویی زیاتر و هاوگوتاریی هێزە نیشتمانییەكانی كوردستانە. لێرەشدا ئەو هێزانەی كە گۆپاڵ و داردەستی دەرەكین، لە هەستیارترین كاتەكاندا كێشەیەكی وا دەخوڵقێنن كە ئاو بكەنە ئاوی نەیارانەوە، بەڵام مشوورخۆریی جڵەودارانی ئەو خەبات و ڕێبازە هەموو جارێ لە پشكی خۆیان قوربانییان داوە بۆ ئەوەی دەستی دەرەكی نەتوانێ دەستێكی نامەردی لەناوخۆ بكاتە فاكتەری بشێوی و ناڕێكی. چەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر ئاوڕ لە پرسی دادپەروەری و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان و پرسی نیشتەجێكردن و بژیوی هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییە گشتییەكان بداتەوە، باشتر دەتوانێ پیلان و پلانی نەیارانی دەستكەوتەكانی كوردستان پووچەڵ بكاتەوە. چونكە بە دەردی یەكێك لە مێژوونووسەكان دەڵێ: پاش كێشرانی دیواری چین، هیچ كام لەو داگیركەرانەی ئەو وڵاتەیان داگیر كردووە، نەیانتوانیوە دیوارەكە ببڕن یان بەسەریدا سەر بكەون، بەڵكوو هەمیشە دەستێكی ناپاك لە ناو وڵاتەكەوە ڕێگەی بۆ خۆش كردوون و
دەرەتانی سەركەوتنی بۆ ڕەخساندوون.
بۆیە ئاوڕدانەوەی زیاتری حكوومەت لە چین و توێژە كەمدەرامەتەكان
و خۆشكردنی بواری ژیان بۆ ئەوان، دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو تاكێكی ئەم كوردستانە خۆی بە پێشمەرگە و بەرپرسی پاراستنی
دەستكەوتەكانی ئەو میڵەتە بزانێ.

ھەواڵی زیاتر