دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

محەمەد ڕەئوف كەركوكی؛ چیرۆكی ژین ‌و نوێترین بەرهەمی

محەمەد ڕەئوف كەركوكی هونەرمەندی بەئەزموون ‌و دەنگخۆش خاوەنی دەیان ئاواز و گۆرانی تایبەت بە خۆیەتی؛ لەم گفتوگۆیەی بۆ ” هەولێر” دەڵێت پێش گۆرانیچڕین ئەكتەر بووم؛ گۆرانی (خەجێی خەجان) هانی دام لە گۆرانیچڕن بەردەوام بم؛ خاوەنی حەفتا گۆرانیم.

هەولێر: باسی ئەوەتان كرد لەگەڵ مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی و، تیپی هونەریی كیژانی سلێمانیدا سەرقاڵی كارێكی هونەری بوویت، ئەو كارە چی بوو؟

محەمەد ڕەئوف كەركوكی: ماوەیەک لەمەوبەر مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی بانگێشتی كردم بۆ بەشداری لەگەڵ تیپی كیژانی سلێمانیدا؛ منیش بە دوو بەرهەمی هونەری بەشداری ئەو كۆنسێرتەم كرد كە لە هۆڵی ڕۆشنبیریی سلێمانیدا پێشكەش كرا”.

هەولێر: ئەو ماوەیە لە ئەكاونتی خۆتدا باست لە چوار كاری نوێ دەكرد؛ بەم زووانە بڵاویان دەكەیتەوە؟ 

محەمەد ڕەئوف كەركوكی: بەڵی ئێستا ئەو چوار بەرهەمە خۆشبەختانە بۆتە ئەلبومێكی نوێی هونەریم میكس ‌و ماسترینگ ریكۆردی تەواو بووە كە لە هەشت تراك پێك هاتووە لەم ئیمساڵەدا بڵاوی دەكەمەوە بە ناوی (بۆ وەرزێكی ئاڵ) كە یەكێك لە گۆرانیەكانی ئەلبومەكە بەو ناوەوەیە”.

هەولێر: وەختی خۆی لە بەرێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری كەركوك پەردە لەسەر پەیكەرێكی ئێوە لا درا؛ تاچەند خۆشحاڵی كردی؟

محەمەد ڕەئوف كەركوكی: ماوەی ساڵێك دەبێت لەناو هۆڵی ڕۆشنبیری كەركوك ئەو پەیكەرەم بۆ دانراوە لەلایەن سەندیكا و هونەرمەندانی كوردستان و دكتۆر تەها لەسەر ئەركی خۆی كاری دروستكردنی ئەو پەیكەرەی بۆ كردووم بە دەستی هونەرمەندی پەیكەرتاش عومەر جەمیل گەلێک خۆشحاڵ بووم”.

هەولێر: پێش گۆرانیچڕین ئەكتەرێكی زۆر باشی نواندن بوویت چۆن یان بۆچی وازت هێنا لە نواندن؟

محەمەد ڕەئوف كەركوكی: پێش ئەوەی من گۆرانیبێژ بم ئەكتەر بووم كاری نواندنم دەكرد لە هۆڵی ڕۆشنبیریی كەركوكدا ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بووم لە كەركوك، لەگەڵ هاوڕێكانم بەشداری چەندین شانۆگەریم كردووە بەڵام دواتر بیرم لەوە كردەوە بێمە ناو دنیای هونەر و مۆسیقاوە”. 

هەولێر: ئەو مامۆستایە كێ بوو لە قوتابخانە هەموو بەیانیەك تۆی لە پۆل دەهێنایە دەرەوە تا گۆرانی بڵێیت؟

محەمەد ڕەئوف كەركوكی: هیچكات لوتفی ئەو مامۆستا بەڕێزەم بیر ناچێتەوە؛ مامۆستا عەبدوڕەحمان كۆیی كە یەكەم كەس بوو هانی دام بۆ ئەوەی بەردەوام بم لە گۆرانی؛ زۆربەی بەیانیەكان دەیهێنامە دەرەوە و دەیوت گۆرانی بڵێ؛ ئەمەش بۆ ماوەیەك درێژەی هەبوو، ڕۆژێكیان پێی وتم دەنگت زۆر خۆشە ئەگەر بەردەوام بیت لە گۆرانیوتن و وازی لێ نەهێنی لە ئایندەیا دەبیتە هونەرمەندێكی باش، خزمەتی میللەتەكەت دەكەیت”.

هەولێر: ئاوازێكی زۆرت بۆ گۆرانیەكانت داناوە؛ چی وەهای لێ كردوویت ئاواز دابنێیت؟

محەمەد ڕەئوف كەركوكی: زۆینەی ئاوازی گۆرانیەكانم خۆم دامناوە، پێم وایە ئاواز ئیلهامە؛ زۆرینەی ئەو ئاوازانەی دامناوە سەرەتا لە شیعرەوە دەستی پێكردووە؛ دەبێت شێعرەكە یەكەم جار كاریگەری لەسەرخۆم هەبێت دواتر بتوانم مقامێك یان ڕیتمێك هەڵبژێرم ئەوكات ئاوازیان بۆ دابنێم هیچ شارەزاییەكم لە مۆسیقادا نیە ئەگەر بهاتایە و ئامێرێكی مۆسیقام بزانیایە ڕەنگە ئاوازەكانم زۆر زیاتر و جوانتر بووایەن”.

هەولێر: با باسی ئەوەش بكەین ئاوازت بۆ هونەرمەندانی دیكە داناوە یان داوایان لێ كردوویت؟

محەمەد ڕەئوف كەركوكی: ئەوەندەی من بەبیرم بێت تەنها ئاوازێكم بە خاتوو ئاڤان جەمال داوە لە گۆرانیی (دەم بەڕۆژ ڕۆژی ڕووتە) كە لە ئەلبومێكی گۆرانیدا بڵاوی كردووەتەوە كە ئەو دەمە ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی كەلەپووردا پێكەوە بووین و چەند كۆنسێرتێکیشمان پێكەوە كردووە”.

هەولێر: دەستێكی باشیشت لە بەرگدوریدا هەیە؛ ماوەی چەند ساڵێك دەبێت وازت لێی هێناوە، هۆكار چی بوو؟

محەمەد ڕەئوف كەركوكی: لەگەڵ وەستا لەتیف لە كەركوك كاری بەرگدوریم دەكرد، ئەوە بوو ساڵی 1994 هاتم بۆ سلێمانی دووكانێكم دانا لە بازاڕی خەفافدا؛ بەردەوام بووم لەگەڵ بەرگدورین تا ساڵی 2006، هەمیشە شانازی بەو دووكانەوە دەكەم كە چەندین كەسایەتی لە هونەرمەند و لە نووسەر سەردانیان دەكردم و، چەندین ئاوازم لەو دووكانەدا داناوە كە زۆر ناوبانگم پێ پەیدا كرد؛ لەوانە گۆرانیی خەجێی خەجان، گۆرانیی سڵاو ئەی خەم، ست خەرامان و، هیتر، هۆكاری وازهێنانم، ئازاری جومگەكان ‌و فەقەراتم هەبوو، هەربۆیە بە یەكجاری وازم هێنا”.

هەولێر: خاوەنی زیاتر لە حەفتا گۆرانییت؛ گۆرانیەكی تایبەتت هەیە بۆ كەسێكی تایبەتت وتبێت؟

محەمەد ڕەئوف كەركوكی: بێجگە لەو ئەلبومەی بەتەمام بڵاوی بكەمەوە لە ئایندەدا كۆی گۆرانیەكانم لە حەفتا گۆرانی بەرەو ژوورە، بەڵام باوەڕ ناكەم ‌و بیرم نایەت گۆرانیەكی تایبەتم وتبێت بۆ كەسێک؛ ئەو گۆرانیانەی تۆمارم كردوون هیچ گۆرانیەكیان شیعری خۆم نین؛ هەندێك لەو شاعیرانەی كە بیستوومە لێیان هەر شیعرێك چیرۆكێک بەدواوەیەتی، واتە بۆ كەسێكیان وتووە بەڵام تاكە گۆرانیەک من شانازی پێوە دەكەم كە وەك هاندانی من بووە بۆ بەردەوامبوونم لەس