بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و كونسوڵی گشتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە گفتوگۆیەكدا جەختیان لە هاوكاری و هەماهەنگییە هەمەجۆرەكانی نێوانیان كردەوە.
سەفین دزەیى، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازى لە ئیرڤین هیکس، کونسوڵى گشتیى ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و شاندى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەکەدا باس لە بارودۆخى گشتىی هەرێمى کوردستان و عێراق کرا و تیشک خرایە سەر پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمى کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و چۆنیەتیی برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەو بوارانەی کە جێى بایەخى هەردوولایە.
بەرپرسى پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادەیى فەرمانگەى بۆ هاوکارى و هەماهەنگیکردن لەگەڵ کونسوڵگەریی گشتیى ئەمەریکا لەپێناو سەرخستنی کارەکان و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان دەربڕی.