بە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، چەند پڕۆژەیاسایەک لەبەردەمی ئەو ئەنجوومەنەن بۆ یەکلایی کردنەوەیان کە بەشێکیان پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە و گرنگترینیان پڕۆژەیاسای نەوت و گازە لەگەڵ پڕۆژەیاسای بودجە. هەرچەندە ڕوون نییە کەی دەگەنە پەرلەمان، بەڵام نوێنەرانی کورد لە پەرلەمان دەڵێن ئەرکی حکومەتە هەردوو پڕۆژەیاساکە ئامادە بکات و شاندی هەرێمی کوردستانیش بە مەبەستی وردەکاری لەوبارەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆبووەوە و لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆیان کرد .
پەرلەمانی عێراق مانگێک پشووی وەرگرت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەبێت لە هەر ساڵێکی یاسادانان کە لە دوو وەرز پێکدێ، 64 جار کۆببێتەوە، 32 کۆبوونەوە بۆ هەر وەرزێک، بەڵام لە یەکەم ساڵی تەمەنیدا پەرلەمانی عێراق نەیتوانی نیوەی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بکات و تەنیا 27 جار کۆبووەوە کرد، زۆربەشی لە مانگی تشرینی دووەم بوو.
غەریب عەسکەر، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق دەلێ : لە شەممەوە دانیشتن دەستی پێکردووەتەوە، ئەرکی زۆر لەبەردەم پەرلەمانە جێبەجێیان بکات، یاسا هەن دەرکردنیان دواکەوتووە بۆ زیاتر لە دوو سال دەبێت هۆکەشی نەبوونی ڕێککەوتنی سیاسیە لەبارەیەوە، جگە لەوەش هەوڵدەدرێت ڕۆڵی چاودێریی پەرلەمان چالاکتر بکرێت.
بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق دەڵێ : گرنگترین ئەو یاسایەی لەو وەرزە دەبێت دەربکرێت پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ـی عێراقە، کە هێشتا لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نەگەیشتووەتە پەرلەمان. هەروەها یاسای نەوت و گاز و یاسای تاوانە ئەلکترۆنییەکان، لەگەڵ هەموواری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، هەمواری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەموو ئەو پڕۆژەیاسایانەش پێویستیان بە ڕێککەوتنی سیاسییە.
ڕۆژی چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و هەڵوێستی هەرێمی کوردسانی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق دووپات کردەوە. هەروەها دەرکردنی یاسای نەوت و گاز بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەت، جگە لە پشکی هەرێمی کوردستانیش لە بودجەی فیدراڵیدا. حکومەتی عێراق، سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023یە، چاوەڕێ دەکرێت وردەکاری ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانی تێداجبێت. بەڵام گفتوگۆی گەرم لە پەرلەمان دەست پێدەکات، چونکە ساڵانە ئەو گفتوگۆیانە لەسەر پشکی کوردستان و بەشەکانی دیکەی بودجە تووند دەبن. لەگەڵ ئەوەشدا فراکسیۆنە کوردستانییەکان سوورن لەسەر ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە ٪14 کەمتر نەبێت. بەپێی ڕاگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە محەممەد شیاع سوودانی ڕاگەیاندووە، ئەگەر نیازی چارەسەری هەبێت، زۆر ڕێگە هەن بۆ چارەکردنی کێشەکان. محەممەد شیاع سوودانیش بە سەرۆکوەزیرانی کوردستانی گوتووە کە خواستێکی بەهێزیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە.
لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەکەی سوودانی، هەردوو حکومەت بە گەشبینییەوە باس لە قۆناخێکی نوێی هاوئاهەنگی دەکەن.
شەریف سەلمان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ : ئەنجوومەنی نوێنەران لەبەردەم وەرزێکی گرنگی یاسادانانە، دەبێت یاسای نەوت و گاز و بودجە یەکلایی بکاتەوە کە دەبێتە بنەما بۆ چارەکردنی زۆربەی کێشەکان لە ڕووی دارایی و وزەوە .
لە ڕۆژانی داهاتووش چاوەڕێ دەکرێت مشتومڕی توند لە نێو پەرلەمان و لە دەرەوەی پەرلەمان، سەبارەت بە بودجە و پشکی کوردستان، لە نێوان فراکسیۆنەکاندا ڕووبدات.