د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـدا ڕایدەگەیەنێت: سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ھەنگاوێکە بە ئاراستەی دروست، ھەروەھا نیشاندانی نیازپاکی حکوومەتی کوردستانە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە. لەسەر سوودانی پێویستە ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکات کە حکوومەتی لەسەر پێک ھێنراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١١/١/٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سەردانێکی بۆ بەغدای پایتەختی عێراق کرد و زنجیرەیەک دیداری گرنگی لەگەڵ ھەریەک لە سەرۆککۆمار، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکە کرد. بە گوتەی حیزب و لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان، سەردانێکی سەرکەوتوو بوو و بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە گفتوگۆ لە بارەی ماف و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراقدا کراوە.
- سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا چۆن دەبینی؟
- سەردانێکی گرنگ و پێویست بوو بە ئاراستەیەکی دروست لە کاتێکی زۆر ھەستیار و گرنگدا؛ لەبەر ئەوەی ئێستا بەغدا خەریکی تەواوکردنی پڕۆژە یاسای بوودجەیە وە ناردنیەتی بۆ پەرلەمان، ھەروەھا نیشاندانی نیازپاکیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە. حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەتی کابینەی نۆیەم زیاتر لە ٢٥ جار شاندی ڕەوانەی بەغدا کردووە. ھەر سەرۆکی حکوومەت خۆی سێ جار چووە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە حکوومەتی ھەرێم جددیە و لای گرنگە لە چوارچێوەی دەستوور بگەنە ڕێککەوتن، چ ئەرکێک لەسەر حکوومەتی ھەرێم دەکەوێت، ئامادەیە جێبەجێ بکات. لەبەرامبەریشدا، پێویستە ھەموو ئەو مافانەی کە دەستوور بۆی دەست نیشان کردوون وەری بگرێت، بۆیە ئەو سەردانەی سەرۆکی حکوومەت بە سەردانێکی گرنگ و لە کاتێکی ھەستیار و باشدا دەبینم.
- بۆچی بەغدا لە ڕێککەوتنەکان پاشگەز دەبێتەوە؟
- دەبێت ھەر دوولا جددی بن لە چارەکردنی کێشەکان، چونکە ھەولێر و بەغدا جگە لە ڕێککەوتن ھیچ ڕێگەیەکی دیکەیان نییە. ئەگەر ڕێکنەکەون ھەر دوولا زەرەر دەکەن، چونکە چ ھەولێر چ بەغدا ھەر دوولا پێویستیان بە یەکدییە. بۆیە پەیوەندی ھەر دوولا، پەیوەندییەکی تەواوکارییە، چونکە چەند ھەولێر پێویستی بە بەغدایە، بەغدا دوو ئەوەندە پێویستی بە ھەرێمی کوردستانە. بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لە عێراق پەیوەستە بە چاک بوون و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا. جگە لەوە ھیچ ڕێگایەکی دیکە نییە لە غەیری گفتوگۆ و ڕێککەوتن؛ بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی ھەرێمی کوردستانە، بەغدا جددی نییە و لە ڕێککەوتنەکان و لێیان پاشگەز دەبێتەوە. ھەندێک جار بڕیاری دادگای ئیتحادی بە سیاسی دەکرێت. دەستوور پشتگوێ خراوە. ئەو یاسایانەی کە بڕیار بوو دەربچن، وەکو یاسای نەوت و گاز، ھەتا ئێستا دەرنەچوونە. بەڵام ھیچ ڕێگە چارەیەک نییە جگە لەوەی کە دەبێت گفتوگۆیەکانی ھەولێر لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت، چونکە بەدیلی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، ھەر گفتوگۆیە.
- تا چەند پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کێشەکانی ھەولێر و بەغدا چارە دەکات؟
- ئەگەر ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کراوە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ھەروەھا ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە، ئەو خاڵانەی لە بەرنامەی حکوومەتەکەی جێگیر کراون و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، ھەموو ئەمانە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێن، دەبێتە ھۆی ئەوەی کێشەکان بەشێوەیەکی بەرچاو چارە بکرێن و دەرگایەکی باشیش واڵا دەبێت بۆ چارەکردنی ھەموو ئەو دۆسیانەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا ماون. چونکە دۆسیەکان زۆرن، بەڵام ئەوە دەرگایەکی خێر دەکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی کە ھەن چارە بکرێن؛ بۆیە لەسەر سوودانی پێویستە ھەموو ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکات کە بە کوردی داوە. چونکە وەکو پێش نییە کە بە زارەکی گوترابێت، بەڵکو ئەمجارە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، بۆیە وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی و یاسایی لەسەر حکوومەتی سوودانی پێویستە ئەو ڕێککەوتنە وەکو خۆی جێبەجێ بکات.
- دەبێت ھەرێمی کوردستان چ بکات؟
- دەبێت ھەرێمی کوردستان کار لەسەر چەند خاڵێک بکات؛ یەکەم: پێویستە حکوومەتی ھەرێم بەردەوام بێ لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، بەردەوام لە دەرگای بەغدا بدات، چونکە ئەوە مافی خۆمانە. دووەم: پێویستە حکوومەتی ھەرێم بەتوندی جەخت بکاتەوە لەسەر جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکان بەتایبەتی دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز، دەرچوواندنی یاسای ئەنجوومەنی فیدڕاڵی، چارەکردنی کێشەی ماددەی ١٤٠ و ناردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان. سێیەم: دەبێت حکوومەتی ھەرێم لە نێوخۆی کوردستان بەردەوام بێت لە چاکسازیی، حیزب و لایەنەکان پشتگیری لە حکوومەت بکەن. ھەروەھا پێویستە سەرۆکایەتی ھەرێم کارێکی جددی و پەلە بکات لەسەر ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی. کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکان لەگەڵ بەغدا بە یەک پاکێج بێت.
- کەواتە پێتوایە ھاودەنگی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا گرنگە؟
- پەیوەندی نێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکان زۆر گرنگە، چونکە چەند یەک بن دەتوانن زیاتر زەخت لە بەغدا بکەن بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنەی حکوومەتی لەسەر پێکھێنراوە. بەڵام فراکسیۆنە کوردستانییەکان پابەندن بە ھەڵوێستی حیزبەکانی خۆیان، بۆیە ئەگەر بمانەوێت فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا یەکدەنگ بن، پێویستە پەیوەندییەکان لە کوردستان ئاسایی بکرێنەوە، بۆیە دەبێت لە کوردستانەوە دەست پێ بکەین.