دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

شاندێكى په‌رله‌مانى ئه‌ورووپا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن

نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ یه‌كێتیى ئه‌ورووپا ڕایده‌گه‌ینێت، شاندێكى په‌رله‌مانى ئه‌ورووپا مانگى 3ى ئه‌مساڵ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن به‌ مه‌به‌ستى ئاگاداربوون له‌ بارو‌دۆخى ناوچه‌كه‌ و زیاتر هاوكاریكردن و قوڵتركردنى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان.

د. دلاوه‌ر خالد ئاژگه‌یى، له‌باره‌ى سه‌ردانى شانده‌كه‌ ڕاگه‌یاند: ”بڕیاره‌ له ‌ناوه‌ڕاستى مانگى 3ى ئه‌مساڵ شاندێكى په‌رله‌مانى ئه‌ورووپا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و  شارى مووسڵ بكه‌ن، كه‌ پێك دێن له‌ سه‌رۆك و جێگر و ئه‌ندامانى لێژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى په‌رله‌مانى ئه‌ورووپا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، كه‌ لیژنه‌یه‌كى فه‌رمین له‌ په‌رله‌مانى ئه‌ورووپا.”

سه‌باره‌ت به‌ ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌، نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ یه‌كێتیى ئه‌ورووپا گوتى: “لێژنه‌كه‌ ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێك ده‌مێننه‌وه‌، بۆ ئاگاداربوون له‌ بارودۆخى ناوچه‌كه‌ و هه‌رێمى كوردستان و عێراق، هه‌روه‌ها ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ى كه‌ كراون له‌ ڕووى ئه‌منى و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى ئه‌ورووپا، بۆ ئه‌وه‌ى بزانن چۆن ده‌توانن هاوكار بن و په‌یوه‌ندییه‌كان به‌هێز بكه‌ن و زیاتر هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن و په‌یوه‌ندییه‌كان قوڵتر بكه‌ن.”

د. دلاوه‌ر ئاژگه‌یى باسى له‌وه‌ش كرد:” بڕیاره‌ شانده‌كه‌ى په‌رله‌مانى ئه‌ورووپا ڕاپۆرتێك ئاماده ‌بكه‌ن و پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان و كۆمسیۆنى ئه‌ورووپا و لایه‌نه‌كانی بكه‌ن له‌باره‌ى سه‌ردانەکەوە‌، كه‌ په‌رله‌مانى 27 وڵات تێیدا ئه‌ندامن.”

ئاژگه‌یى، گوتیشى: “له ‌ماوه‌ى ڕابردوو په‌رله‌مانى ئه‌ورووپا په‌یوه‌ندیى زۆرباشى هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌ت له ڕێگاى نوێنه‌رایه‌تییەوە، هه‌روه‌ها له‌ كاته‌ هه‌ستیاره‌كانیشدا پشتیگریى باشى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌، به‌تایبه‌تى له‌ شه‌ڕى دژ به‌ تیرۆریستانى داعش و، هاوكاریكردنى پێشمه‌رگه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، پێشتریش داوایان له‌ عێراق كردووه‌ بۆ سه‌قامگیریى عێراق پێویسته‌ ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت و دیموكراسى به‌رپا بكرێت و مافى مرۆڤ پێشێل نه‌كرێت. جگه‌ له‌وه‌ش، به‌شێكى زۆرى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى ئه‌ورووپا هاوسۆزن له‌گه‌ڵ قه‌زیه‌ى كورد و پشتگیریى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌ له‌ ڕووداوه‌ سیاسییه‌كاندا.’