یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

لەبارەی بەشەخۆراكی مانگانە هاووڵاتییان ئاگادار دەكرێنەوە

بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی، لەبارەی بەشەخۆراكی مانگانە و بریكارەكانی خۆراك هاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە دەڵێت: ”لە هەبوونی سەرپێچیی بریكارەكان و خراپیی هەڵگرتنی خۆراكی مانگانە بەدواداچوون دەكەن و سزای بریكارەكان دەدرێت.

سیامەند نانەكەلی، بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر بە سەرچاوەیەکی ڕاگەیاند: “هەندێک لە هاووڵاتییان بە نامە لە سەرپێچیی هەندێک لە بریکارەکان، لە خراپیی ڕەفتار و پارەی زیادە و خراپ هەڵگرتنی کەرستەکان ئاگادارمان دەكەنەوە، ئێمەش رۆژانە هۆبەی بریکاریی و لێژنەی چاودێریی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ڕەوان دەکەین، بۆ بەدواداچوون.”

ئاماژەی بەوەش دا، لەو چەند رۆژەدا، لیژنەیان بەدواداچوونێکی مەیدانییان کردووە بۆ لای بەشێک لە بریکارەکانی خۆراک و ئاردی سنووری پارێزگای هەولێر، گوتیشی: “لیژنەكانمان سەردانی چەند بنكەیەكی دابەشكردنی خۆراكیان كردووە، لە بەدواداچوونەکانیاندا سەرنجیان خستووەتە سەر چەند بریکارێک، لە چۆنیەتیی هەڵگرتنی بەشەخۆراک لە کۆگاکانیاندا.”

روونیشی كردەوە، لە بەدواداچوونەكەدا بەدواداچوون بۆ تەرازووی کێشانی بریکارەکان بۆ دڵنیابوون لە زیادبوون و کەمبوونی جۆری پێوەرکردنی بەشەخۆراکی هاووڵاتییان كراوە، گوتیشی: “هەروەها بریکارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، كە لەبەر وەرزی زستان و گۆڕانی کەشوهەوا و بارانبارین، ڕەچاوی شوێنی داگرتنی کەلوپەلی خۆراکی هاووڵاتییان بن لە تەڕبوون و شێداربوونی کۆگاکانیان، لەبەر بوونی مەترسی لەسەر خۆراكەكان.”

سیامەند نانەكەلی باسی لەوەش كرد، كە هەر بریکارێک سکاڵای لەسەر بێت و بەڵگە هەبێت، سزا دەدرێ، گوتیشی: “یەکەم جار ئاگادار دەکرێتەوە، پاشان نووسراو دەکەین بۆ چاودێریی بازرگانی، ئەوان بەپێی ڕێنماییەكان سزای مادیی دەدەن، سزاکە 250 هەزار دینارە، هەندێ جاریش لێسەندنەوەی بریکارییەکەیە.”

لە سنووری پارێزگای هەولێر بە قەزا و ناحیەکانییەوە، دوو هەزار و 133 بریکاری خۆراک هەیە و بەگشتی لە پسوولەی خۆراكی هەولێر یەك ملیۆن و 938 هەزار كەس تۆمار كراون.

بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاشكرای كرد: “بریكارەكان نابێ بەبێ هۆ پارەی زیاد لە هاووڵاتییان وەربگرن و دەبێ دوکانیان لە کاتی دابەشکردنی بەشە ئارد و خۆراک کراوە بێ و پاک و خاوێنیی دوکان و هەبوونی هەواگۆڕکێی هەبێ، دەبێ دابەشکردنی بەشە خۆراک و ئارد بەپێی ئەو لیستەی ئێمە بێت، كە مانگانە پێیان دەدەین، پێویسنە بریكارەكان لێژنەی چاودێری ئاگادار بكەنەوە لە هەبوونی هەرکەموکوڕییەک، یان وەرنەگرتنی بەشەخۆراک بۆ ماوەیەک، لەلایەن هاوڵاتیان بە هۆی مردن یا سەفەرکردن بۆ دەرەوەی وڵات، بریکار بۆی نییە لە خۆیەوە شوێنگۆڕکێ بە بریکارییەکەیەوە بکات و نابێ کڕین و فرۆشتن، یان سەوداکاریی پێوە بکات و دەبێ تابلۆی هەڵواسیبێ کە ناوو ژمارەی مۆبایل و ژمارەی کۆمپیوتەرو بریکاریەکەی تێدابێ و هەروەها ناسنامەی بریکارییەکەی نوێ کرابێتەوە و پسوولەی پاکانەی هەبێ.”
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرچاوەیەکی ڕاگەیاند: ”بەردەوام بەدواداچوون بۆ كاری بریكارەكانی خۆراك دەكرێت بە تایبەت لەسەر ئەو سكاڵایانەی كە لە لایەن هاووڵاتییان هەیە، ئەوەی كەمتەرخەمیی هەبێت، یان خۆراك خراپ هەڵبگرێت، سزا دەدرێت.”

ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر هاووڵاتییش خۆراكی خۆی وەرنەگرێت، ئەوە خۆراكەكە بۆ كۆگاكانیان دەگەڕێننەوە، زیاتر گوتیشی: “ئەو بەشە خۆراکانەی گەیشتووەتە لای بریکارەکان، ئەگەر هاووڵاتییان نەچن وەری بگرن و ئەگەر ماوەیەکی زۆر لای بریکار بمێنێتەوە، ناچار دەبین بیگەڕێنینەوە بۆ کۆگاکانمان.”