یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

نرخی نەوت بۆ 85 دۆلار بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە دوایین رۆژی مامەڵەکانی هەفتەی رابردوو زیاتر لە یەک دۆلار بەرزبووە، بەوپێیەش گەورەترین بەرزبوونەوەی هەفتانەی لە دوای مانگی 10ـی ساڵی رابردووەوە تۆمارکرد. هەروەها رۆژی هەینی نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە 9 مانگی رابردوودا و هەر ئۆنسەیەکی بە زیاتر لە 1920 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە 7 مانگی رابردوودا و هەروەها گەشبینی بە بەرزبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت لەمساڵدا، نرخی نەوتی برێنت رۆژی هەینی لە یەک دۆلار و 28 سەنتەوە بەرزبووەوە بۆ 85 دۆلار و 28 سەنت. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا لە دوو دۆلار و 14 سەنتەوە بەرزبووەوە بۆ 80 دۆلار و 7 سەنت.

نرخی نەوتی برێنت بە تەنیا لە هەفتەی رابردوودا بە رێژەی 8.6٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 8.4٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی.

دابەزینی بەهای دۆلار بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانەی بە دراوێکی دیکە جگە لە دۆلار مامەڵە بە نەوتەوە دەکەن بتوانن نەوتی زیاتر بکڕن کە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن ئەو وڵاتانەوە.

هەروەها کڕینی نەوتی زیاتر لەلایەن چینەوە لەمساڵدا کە پێشبینی دەکرێت بە رێژەی 20٪ بەرزبێتەوە، بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە هەفتەی رابردوو هەژماردەکرێت.

جیوانی ستانۆڤا، شرۆڤەکاری سەر بە بانکی UBS لەو بارەیەوە رایگەیاند، “هەموو بازرگانێک چاوی لە جموجووڵی چین و بەرزبوونەوەی خواستە بۆ نەوتی خاو لە کەرتی هاتووچۆی ئەو وڵاتە.”

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ سەرووی 1920 دۆلار

رۆژی هەینی نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە 9 مانگی رابردوودا و هەر ئۆنسەیەکی بە زیاتر لە 1920 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

لە دوایین ساتی مامەڵەکانی رۆژی هەینی و هەفتەی رابردوو، نرخی هەر ئۆنسە زێڕ بۆ رادەستکردنی لە مانگی دووی ئەمساڵدا لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە ریژەی 1.2٪ واتا 22 دۆلار و 90 سەنت بەرزبووە و گەیشتە 1925 دۆلار.

ئەو ئاستە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕە لە مانگی 4ـی ساڵی رابردووەوە. نرخی سپۆتی هەر ئەر ئۆنسە زێڕیش رۆژی هەینی 1920 دۆلاری تێپەڕاند.

هۆکاری بەرزبوونەوەی زێڕ بۆ بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانی مانگی 12ـی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە تیایدا دەرکەوت رێژەی هەڵاوسان لە مانگی 12 دا بەراورد بە مانگی 11 بە رێژەی 0.1٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی و دابەزیوە بۆ 6.5٪.

ئێد مۆیا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا رایگەیاند، ” هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بازاڕە داراییەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا چیدیکە بەلای بەرزکردنەوەی سوودی بانکی ناڕوات و کاری بانکەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان کۆتایی پێهاتووە.”

لە ساڵی 2022 دا بانکی ناوەندیی ئەمریکا 7 جار سوودی بانکی بەرزکردەوە بۆ ئاستی 4.5٪ بۆ ئەوەی هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکات.

کەمبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان گەشبینی دروستکردووە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی هێندە بەرزناکاتەوە کە زیان بە ئابووریی ئەو وڵاتە بگەیێنێت و سستی بخاتە ناو ئابووریی ئەمریکا.