پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 21, 2024

شه‌پۆڵێکی باران بارین بەڕێوەیە

شاره‌زایه‌كى بوارى كه‌شناسى ڕایده‌گه‌یه‌نێت، شه‌پۆلێكى كورتخایه‌نى بارانبارین به‌ڕێوه‌یه‌، زۆرترین باران له‌ گه‌رمیان ده‌بارێت.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 13/1/2023، ئاراس جەبار، شاره‌زاى بوارى كه‌شناسى، له‌باره‌ى كه‌شوهه‌واى سبه‌ى شه‌ممه‌وه‌ ده‌ڵێت: “سبه‌ى لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، ئاسمانی ھەرێمى كوردستان بە زۆری بۆ ھەوری تەواو ده‌گۆڕێت، لە کاتەکانی شەودا شەپۆلێکی مامناوەندی بارانبارین بە کاریگەرسی جیاواز ناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، پارێزگای کەرکووک، سلێمانی و ھەڵەبجە دەگرێتەوە، بە شێوەیەکی لاوازیش کاریگەری لەسەر ناوچەکانی باشووری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی ڕاپەرین دەبێت، پلەی گەرما بە جێگیری دەمێنێتەوە، خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت و له‌ ئاراسته‌ى باشوورى ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ 10 تا 15 كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێرێكدا ده‌بێت.

ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو، کاریگەریی ئەم شەپۆلە کورتخایه‌نە تا بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 15/1/2023 بەردەوام دەبێت، کە پێشبینی دەکرێت زۆرترین ڕێژەی بارانبارین لە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان بێت، بە ڕێژەی 10 تا 20 میللیممەتر، لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە و کەرکووک بە ڕێژەی 10 تا 15 میللیمه‌تر، له‌ سنوورى پارێزگای سلێمانی بە ڕێژەی 5 تا 10 میللیمه‌تر، لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییەکاندا، لە باشووری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی ڕاپەرین بە ڕێژەی 1 تا 3 میللیمه‌تر ئەگەری بارانبارین دەبێت.