هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌باره‌ی چه‌كی بێ مۆڵه‌ته‌وه‌ داوایه‌ك له‌ مامۆستایانی ئایینی ده‌كات


سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای نوێی چه‌ك سه‌باره‌ت به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی دیارده‌ی چه‌كداری و هه‌ڵگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینییه‌وه‌، داوای هاوكاری له‌ مامۆستایانی ئایینی ده‌كات بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتییان.

رۆژی 8ـی ئه‌م مانگه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌ نووسراوی ژماره‌ (667) كه‌ ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی كردووه‌، داوایكردووه‌ مامۆستایانی ئایینی له‌ گوتاری هه‌ینییدا، هانی خه‌ڵك بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دیارده‌ی چه‌ك هه‌ڵگرتن و به‌كارهێنانی چه‌ك بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانیان دووربكه‌ونه‌وه‌.

له‌ نووسراوه‌كه‌دا، وه‌زاره‌تی ناوخۆ باسی له‌ گرنگی رۆڵ و پێگه‌ی مامۆستایانی ئایینی كردووه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌، كه‌ ده‌توانن هاوكاری گه‌وره‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌بن كه‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و به‌رقه‌راركردنی ئاسایش و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌وڵی بۆ ده‌دات.

وه‌زاره‌تی ناوخۆدا داوای له‌ هاووڵاتییان كردووه‌ هەر کەسێک چەکی دەمانچە و کلاشینکۆفی لە ماڵەوە هەیە و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان نییە، بە زووترین کات سەردانی یەکێک بنکه‌كانی پۆلیسی سنووره‌كانی خۆیان بكه‌ن تاوه‌كو كۆتایی مانگی ته‌مموز/یۆلیۆی 2023، بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان، به‌و مه‌رجه‌م ئه‌و چه‌كانه‌ هه‌ڵنه‌گرن، لێیان وه‌رناگیرێته‌وه‌.

دوای ئه‌و پرۆسه‌یه‌، هاووڵاتییان ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانه‌وه‌ داوای مۆڵه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌ك، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێت چه‌كه‌كانیان راده‌ستی حكومه‌ت بكه‌نه‌وه‌.

له‌ نووسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆدا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، مامۆستایانی ئایینی ده‌توانن له‌ وتاره‌كانیان دیارده‌ی چه‌كداری و هه‌ڵگرتنی چه‌ك ناشرین و یاساغ بكه‌ن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییان بۆ رێگریكردن له‌ زیاتر بڵاوبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌ك و كاری توندوتیژی.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌پێناو پاراستنی ئاسایش و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، مامۆستایانی ئایینی له‌ڕێگه‌ی مینبه‌ری مزگه‌وته‌كانه‌وه‌، هانی خه‌ڵك بدرێت بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان په‌نا بۆ به‌ركارهێنانی چه‌ك و توندوتیژی نه‌بن، جه‌خت له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبوڵكردن بكه‌نه‌وه‌