شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

‌پارێزگاری دهۆك: گه‌وره‌ترین كێشه‌ بۆ ده‌ڤه‌ری بادینان بوونی هێزی چه‌كداره

عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك رایگه‌یاند، پێویسته‌ له‌ سنووری پارێزگاكه‌یان و قه‌زای ئامێدی گرنگی زیاتر به‌ كه‌رتی گه‌شتیاری بدرێت و له‌باره‌ی بوونی هێزی چه‌كداریش له‌ ده‌ڤه‌ری بادینان، ناوبراو رایگه‌یاند، “گه‌وره‌ترین كێشه‌ بۆ ته‌واوی ده‌ڤه‌ری بادینان و به‌تایبه‌ت بۆ قه‌زای ئامێدی، هه‌بوونی هێزی چه‌كداره‌”.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (12ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك به‌ مه‌به‌ستی دانانی به‌ردی بناغه‌ی چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك سه‌ردانی قه‌زای ئامێدی كرد و له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ سنووری پارێزگاكه‌ و بوونی هێزی چه‌كدار له‌ سنووری دهۆك و قه‌زای ئامێدی وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسانی دایه‌وه‌.

پارێزگاری دهۆك له‌باره‌ی بوونی هێزی چه‌كدار له‌ سنووری قه‌زای ئامێدی و كاریگه‌ری بوونی ئه‌و هێزانه‌ له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان رایگه‌یاند، “گه‌وره‌ترین كێشه‌ بۆ هه‌موو ده‌ڤه‌ری بادینان و به‌تایبه‌ت بۆ قه‌زای ئامێدی، هه‌بوونی هێزی چه‌كداره‌، هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاسا، ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ هۆی راكێشانی ده‌وڵه‌تێكی بیانی بۆ ناوچه‌كه‌. خه‌ڵكی ئامێدی باش ده‌زانێت له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ چه‌ند زیانیان پێگه‌یاندووه‌، شه‌ڕه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئاوه‌دان نه‌كردنه‌وه‌ی نیوه‌ی قه‌زاكه‌، نیوه‌كه‌ی دیكه‌ش كه‌ ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه‌، زۆر به‌ زه‌حمه‌ت خزمه‌تگوزارییه‌كانی گه‌یه‌ندراونه‌تێ”.

پارێزگاری دهۆك له‌ كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا رایگه‌یاند، گرنگییه‌كی زیاتر به‌ كه‌رتی گه‌شتیاری له‌ سنووری پارێزگاكه‌ ده‌ده‌ن و پلانیان هه‌یه‌ له‌ماوه‌ی داهاتوودا چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی گه‌شتیاری له‌ سنووری پارێزگاكه‌ و به‌تایبه‌ت له‌ سنووری قه‌زای ئامێدی ئه‌نجامبده‌ن. گوتیشی، “پێویسته‌ گرنگی زیاتر به‌ شوێنه‌واره‌كانی قه‌زای ئامێدی بده‌ین، چونكه‌ كه‌له‌پوورێكی زۆر گرنگن بۆمان ماونه‌ته‌وه‌”.